عوسمان شەریف فەتحوڵڵا ساڵی ١٩٦٣ لە قەزای پێنجوێن لەدایکبووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە و لە دەربەند دزڵی نیشتەجێ بووە، دوای گەڕانەوەی لە ئێران لە سەید سادق لە دەشتی شارەزوور نیشتەجێ بووە، دوکانێکی شیرینی فرۆشتنی لە ناو بازاڕی سەید سادق هەبووە، قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە، هاوسەرگیری لەگەڵ دڵسۆز ئەمین کردووە و باوکی دوو کوڕ و دوو کچ بووە (مەسعود، شاخوان، چیا، شاناز) کە دواینیان لە کاتی کۆڕەوی ملیۆنی کورد لە ساڵی ١٩٩١ بەهۆی سەرمای تاقەتپڕووکێنی ئەو ناوچەیەوە کۆچی دوایی کردووە.
ساڵی ١٩٧٨ لەلای عومەر حاجی تۆتمانی لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا لە ناو هێزی هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەست بووە، بارەگاکەیان لە کانی سێف لەسەر سنووری عێراق-ئێران بووە، هەروەها عوسمان شەریف فەتحوڵڵا بووەتە کادر لە ڕێکخراوی سوورێن سەر بە لێژنە ناوچەی دەربەندیخان لە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان.
بەشداری لە شەڕی کانی سێف، شەڕی ئەحمەد ئاوا، چالاکییە سەربازییەکانی شەڕی پارتیزانی لە دەشتی شارەزوور، شەڕی هەڵەبجە، شەڕی قەرەداغ، شەڕی دەشتی شارەزوور کردووە.
عوسمان شەریف فەتحوڵڵا ساڵی ١٩٨٠ بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر بارەگاکەیان لە گوندی سیامیوە لە دەشتی شارەزوور بە سەختی بریندار بووە.
بەشداری لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ کردووە، هەروەها لە ئازادکردنی شاری هەڵەبجە، قەزای پێنجوێن، دەشتی شارەزوور، ناحیەی عەربەت، قەزای دەربەندیخان، شاری سلێمانی، ناحیەی زەڕایەن، شاری کەلار، شاری جەلەولا، شاری کەرکوک.
لە ڕۆژی ٢١ی ئاداری ١٩٩١ لە کاتی ئازادکردنی شاری کەرکوک لە نزیک پردی خاسە لە ناو شارەکە بە گوللەی سەربازانی ڕژێمی بەعس لە سەری شەهید بووە.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


