دوای کودەتای ١٧ و ٣٠ی تەممووزی ١٩٦٨ و گەڕانەوەی بەعسییەکان بۆ دەسەڵات، بۆ ماوەیەک بارودۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی لەگەڵ هێزەکانی حکوومەت لە کوردستان زاڵ بوو، بەڵام پێکدادانەکان لەگەڵ چەکدارانی مەکتەبی سیاسی کۆن بەردەوام بوو، شەڕی لاوەکی پچڕپچڕ لە نێوان سوپا و هێزەکانی شۆڕش هەبوو، بەڵام لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٦٨ ڕژێمی بەعس بە هەماهەنگی لەگەڵ چەکدارانی باڵی مەکتەبی سیاسی کۆن هێرشیان کردە سەر هەموو ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی شۆڕشدا بوون، لەم هێرشانەدا پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا تا کانوونی یەکەمی ١٩٦٩، و دەستیان بەسەر چەندین شار و شارۆچکەدا گرت.

ناوچەی قەرەداغ یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی هێرشی ئەو هێزانە بووەوە، بەهۆی دەستێوەردان و خیانەتی فەرماندەی دوو کەتایبەت کە بریتی بوون لە جەعفەر بەرزنجی و کامیل مەلا وەیس، کە ناوچەکانی خۆیان ڕادەستی چەکدارە بەکرێگیراوەکان کرد، لێرەدا ئاماژە بە یەکێک لە شەڕەکان لەسەر لوتکەیەکی شاخ بە ناوی هەلاج و دابانی گەورە دەکەین، کە هێزەکانی حکوومەت و بەکرێگیراوەکان کۆنترۆڵیان کردبوو، پێشمەرگەی کوردستان زۆر گرنگی بە کۆنترۆڵکردنی دەدا، شایانی باسە کە هێرشی پێشمەرگە و دەستبەسەرداگرتنی لوتکەی ئەم شاخە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئیدریس بارزانی ئەنجامدرا، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هێزەکانی حکوومەت و گرووپی مەکتەبی سیاسی کۆن توانیبوویان کۆنترۆڵی ڕووبەرێکی فراوان لە گەرمیان تا شاخی هەلاج و دابان لە قەرەداغ بکەن، دیارە بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ناوچەکە سەرکردایەتی شۆڕش بڕیاریدا پێویستە ئەو ناوچانە ئازاد بکرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ ژێر کۆنترۆڵی شۆڕش.

دوای چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە سەبارەت بە چۆنیەتی هێرشکردنە سەر ئەو شوێنانە و دوای ئەوەی ئاگاداری فەرماندەی شۆڕش مستەفا بارزانی کران لە بارودۆخەکە، بارزانی ئەرکی سەرپەرشتیکردنی شەڕەکەی بە ئیدریس بارزانی سپارد، دوای ئەوەی هێزەکانی کۆکردەوە و پلانی گشتگیری بۆ هێرشکردنە سەر لوتکەی هەلاج و دابان دانا، بڕیاریدا لوتکەی شاخەکە دەبێت لە زووترین کاتدا بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە، دوای هێرشکردنە سەر لوتکەی شاخەکە لە ماوەی کاتژمێرێک و ٤٥ خولەکدا کۆنترۆڵکرا و گەڕایەوە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە.

پاشان سەرکردایەتی شۆڕش بڕیاریدا هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر قەرەداغ و شوێنەکانی دیکە ئەنجام بدات بۆ ئەوەی هێزەکانی حکوومەت و بەکرێگیراوەکان بە تەواوی لێیان دەربکەن، بۆ ئەم مەبەستە ئەرکی هێرشکردن لە بەرانژەوە بۆ دەشتی شارەزوور و پێشڕەویکردن لەوێوە بۆ قەرەداغ بە فەوجی چوار و نۆ سپێردرا، هێزێک لە دەشتی هەولێر و هێزی ڕزگاری لە دوو بەرەوە لەگەڵ فەوجی پێنجی هێزی قەرەداغ هێرشیان کرد. هێزێکیان بۆ ناوچەی قادر کەرەم و سەنگاو و هێزەکەی دیکە بۆ ناوچەی بازیان و قەرەداغ، لەم ماوەیەدا، لیوا تاهیر عەلی والی بەگ فەرماندەی فەوجی چواری هێزی قەرەداغ بوو، لە کاتێکدا عەزیز قازی فەرماندەی فەوجی نۆ بوو. 

بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە بڕیاردرا کە لە ماوەی ٢٩ بۆ ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٩٦٩، هەموو هێزەکان لە یەک کاتدا هێرش بکەنە سەر هەموو ئەو شوێنانەی خوارەوە، وەک پلانی بۆ دانرابوو هێرشی پێشمەرگە دەستیپێکرد و پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، سەرکەوتنێکی گەورە تۆمارکرا و توانییان هەموو ناوچەکانی قەرەداغ، بازیان، سەنگاو، قادر کەرەم، دوزخورماتوو، کفری، کەلار، باوەنوور و دەربەندیخان لە هێزەکانی حکوومەت و چەکدارانی باڵی سیاسی کۆن ئازاد بکەن و گەڕایەوە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە، دوای شکستێکی گەورەی هێزەکانی حکوومەت و چەکدارە بەکرێگیراوەکان، زیانی زۆریان بەرکەوت و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیرا، هێزەکانی حکوومەت و چەکدارەکان بە تەواوی تێکچوون و ورەیان دابەزی تا ئەو ڕادەیەی چیتر نەیانتوانی شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە بکەن.

سەرکردایەتی شۆڕش ئەم سەرکەوتنەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرکەوتنێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە لەو ساتەدا لێکدایەوە، بۆیە سەرکردەی شۆڕش بارزانی سوپاسی هەموو ئەو هێزانەی کرد کە بەشدارییان لە شەڕەکەدا کردبوو، ئەوە تاقیکردنەوەیەک بوو لەلایەن ڕژێمی نوێی بەعس بە یارمەتی هێزەکانی مەکتەبی سیاسی کۆن، بۆ ئەوەی بزانن تا چەند دەتوانن بەسەر شۆڕشی کوردستاندا زاڵ بن و خەونی کۆنی خۆیان بەدی بهێنن کە بریتی بوو لە داڕمانی تەواوی شۆڕشی کورد، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی هێنا و نەگەیشتن بە ئامانجەکەیان.

سەرچاوەکان:

١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، (چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى- چاپی یەکەم- هەولێر- ٢٠٠٤).

٢- ئیبراهیم جەلال، باشووری کوردستان و شۆڕشى ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، (٢٠٢١).

٣- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، (چاپخانەى هێڤی- هەولێر- ٢٠١٩).

٤- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قازى حەمەد سورچى، (چاپخانەى دانیشفەر- هەولێر- ٢٠٢٣).

٥- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپى یەکەم، (چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین- هەولێر-٢٠١٢).

٦- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، (چاپخانەى خەبات- دهۆک- ١٩٩٩).