چیای سەرتێز دەکەوێتە باکووری چیای زۆزک و باشووری چیای حەسەن بەگ بە بەرزیی ١٨٥٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە. لە نەخشەی سەربازیی عێراقیدا بە چیای تاتان ناوی دەبەن و لە باکوورەوە دەڕوانێتە گەرووی بێشە. سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول هەمیشە ئامانجی بوو چیایەکە لە کەوتنە دەستی سوپاى عێراق بپارێزێت. چونکە ئەو ڕێگە ستراتیژییەی بە گەرووی بێشەدا تێدەپەڕی، دەروازەیەکی گرنگ بوو بۆ بەستنەوەی ناوچەکانی برادۆست و بارزان بە ناوچەی باڵەکایەتییەوە کە بارەگای سەرکردایەتیی شۆڕش بوو.
لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول، لە ٢٩ی ئایاری ١٩٦٢، مەلا مستەفا بارزانی، ڕێبەری شۆڕشی کورد و زیاتر لە ٥٠٠ پێشمهرگه بۆ یەکەمجار هاتنە گوندی بێشە و دوو شەو لەوێ مانەوە و لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان شەوێکی دیکە لە گەرووی بێشە مانەوە بۆ ئەوەی بەرەو ناوچەکانی دیکەی باڵەکایەتی بەڕێ بکەون.
دوای ئەوەی سوپاى عێراق دەستی بەسەر لێژاییەکانی چیای کۆڕەکدا گرت، زۆربەی ناوچەکانی وەک ڕواندز، دەشتی دیانا و بادلیان کەوتنە مەترسیی داگیرکردنەوە، بۆیە نووسینگەی سەربازیی شۆڕش فەرمانی بە هێزەکانی (هەڵگورد، زەمناکۆ، زاخۆ، کاوە، سەفین، ئەزمەڕ) کرد کە کەتایبەتێک لە هەر هێزێک بنێرن بۆ چیای سەرتێز، بۆ بەهێزکردنی پێگەکانی پێشمهرگه لە بەرزاییە ستراتیژییەکاندا، لە ڕێگەی دروستکردنی هێڵێکی بەرگرییەوە بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکان لەسەر سەرکردایەتیی شۆڕش و ئەوانی دیکە. ئەم هێزانە لە ئابی ١٩٧٤ گەیشتنە شوێنی دیاریکراو.
کاتێک سوپاى عێراق سەرکەوتوو بوو لە دەستبەسەرداگرتنی چیای زۆزک، دەستی بە خۆئامادەکردن کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی چیای سەرتێز و پێشڕەوییەکەی گەیشتە گوندی سێتکان لە بناری چیاکە، هێزەکانی پێشمهرگه کە لە پێگەی بەرگریدا بوون، فەرماندەکانی بەرەیان ئاگادار کردەوە کە سوپاى عێراق بەرەو پێگەکانیان پێشڕەوی دەکات. دەستبەجێ دوای گەیشتنی هەواڵەکە، فەرماندەکانی پێشمهرگه لە گوندی بێشە کۆبوونەوە بۆ دانانی پلانێک بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەویی سوپاى عێراق. بۆ ئەم مەبەستە، فەرمانەکە گەیشتە حەمید ئەفەندی وەک فەرماندەی پیادە و عومەر عوسمان وەک فەرماندەی تۆپخانەی شۆڕش بۆ هێرشکردنە سەر سوپاى عێراق بە مەبەستی تێکشکاندنی پێشڕەوییەکەیان و دەرکردنیان لە ناوچەکە.
مەلحەمەی چیای سەرتێز بە تۆپبارانی تۆپخانەی شۆڕش بۆ سەر سوپاى عێراق دەستی پێکرد، کە ئەویش لە بەرامبەردا لە ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٤ بە چڕی گەرووی عومەر ئاغای باشووری ڕۆژئاوای چیای سەرتێزی تۆپباران کرد، حکوومەتی عێراق پلانێکی بۆ هێرشکردنە سەر چیای سەرتێز دەستپێکرد، هێرشەکە بە تۆپبارانی چڕی تەواوی چیاکە بە تۆپخانەی سوپا و چەکی گراد دەستی پێکرد. فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیش تەواوی چیاکەیان بە بۆمبی ناپاڵم و فۆسفۆر سووتاند و پاشان توانییان کۆنترۆڵی بکەن.
بەڵام دوای هەفتەیەک، پاش پشوودان و خۆئامادەکردن بۆ هێرشێکی پێچەوانە، هێزەکانی پێشمهرگهی کوردستان کە پێکهاتبوون لە کەتایبەتێکی هێزی خەبات بە فەرماندەییی حەمە شەمێرانی و کەتایبەتێکی هێزی زەمناکۆ بە فەرماندەییی نووری حەمە عەلی، توانییان هێرش بکەنە سەر سوپاى عێراق و تەواوی چیاکە کۆنترۆڵ بکەنەوە و زیانی زۆر بە سوپاى عێراق بگەیەنن کە زیاتر لە ٢٠٠ کوژراو و ژمارەیەکی زۆر برینداری هەبوو. لەکاتێکدا لە هێزەکانی پێشمهرگه یەک کەس شەهید بووە و ٦ کەسی دیکەش بریندار بوون. ڕۆژی دواتر سوپاى عێراق دیسان هێرشی کردە سەر چیاکە و کۆنترۆڵی کردەوە، دوای دوو مانگ لە شەڕ لەسەر چیای سەرتێز، کە چوار پێگەی سەربازیی ستراتیژیی عێراقی تێدابوو، هەندێک جار بە دەستی پێشمهرگه بوو و هەندێک جاریش بە دەستی سوپاى عێراق بوو، تا هێزەکانی پێشمهرگه بڕیاری کشانەوەیان لە چیاکە دا بەهۆی نایەکسانی لە ڕووی هێزی سەربازی و چەکی شەڕەوە.
دوای سێ ڕۆژ لە کشانەوەی پێشمهرگه لە چیای سەرتێز، نامەیەک لە نووسینگەی سەربازیی شۆڕشەوە گەیشتە فەرماندەی هێزەکانی پێشمهرگه لە بەرەی شەڕ، بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی پێچەوانە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو چوار خاڵە ستراتیژییەی کە سەربازانی سوپاى عێراق تێیدا جێگیر بوون.
لەو هێرشەدا زیاتر لە ٢٠٠ پێشمهرگه لە هێزەکانی هەڵگورد، باڵەک و ئەزمەڕ بەشدار بوون کە بریتی بوون لە چەند کەتایبەتێک، هەر کەتایبەتێک ٣٠ پێشمهرگهی تێدابوو بە فەرماندەییی حەمید ئەفەندی بەشدارییان لەم هێرشەدا کرد، هێرشی پێشمهرگه لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٧٤ کاتژمێر ١٧:٠٠ بە تۆپبارانی چڕی خاڵەکانی سوپاى عێراق دەستی پێکرد کە لە ٧:٠٠ تا ١٦:٣٠ خولەک بەردەوام بوو، پاشان هێزەکانی پێشمهرگهی کوردستان بە پلانێکی سەربازیی پتەو هێرشیان کردە سەر پێگە سەربازییەکانی سوپاى عێراق. توانییان لە ماوەی نیو کاتژمێردا چیای سەرتێز کۆنترۆڵ بکەنەوە و زیانی زۆر بە سوپاى عێراق بگەیەنن و ژمارەیەک کەسیان لە شەڕەکەدا کوشت و بریندار کرد، بێجگە لەوەی پێشمهرگه دەستی بە دەستکەوتی زۆر گەیشت لەوانە ٤٥ کڵاشینکۆف، ١٤٠ بۆمبی دەستی، ٧ دەمانچە، ٢ ئامێری بێتەل، ٣٨ دەمانچەی ڕووناکی و ٤ مەترێنۆز.
چیای سەرتێز بۆ سوپاى عێراق گرنگییەکی زۆری هەبوو، تا ڕادەیەک دوای هەموو ئەو شکستە یەک لەدوای یەکانەی لەلایەن هێزەکانی پێشمهرگهی کوردستانەوە تووشی بوو، بەڵام هەر سوور بوو لەسەر داگیرکردنی. ڕۆژی دواتر، ١٦ی تشرینی دووەمی ١٩٧٤، دیسان بە کەتایبەتێکی تایبەتی سوپاى عێراق هێرشیان کردە سەر چوار پێگە ستراتیژییەکە، تا توانییان جارێکی دیکە بگەنە شوێنە ستراتیژییەکان، بەڵام لە کاتی خۆرئاوابوونی ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٧٤، هێزەکانی پێشمهرگه هێرشیان کردە سەر بەرەکانیان و پێگەکانیان کۆنترۆڵ کردەوە، بەڵام بەهۆی ماندووبوونی پێشمهرگه و توندیی هێرشە یەک لەدوای یەکەکان و تۆپبارانی بەردەوامی سوپا، هێزەکانی پێشمهرگه نەیانتوانی لەسەری بمێننەوە، بۆیە ئەو شەوە بەرەکانیان بەجێهێشت و سوپاى عێراق دیسان کۆنترۆڵی چیاکەی کردەوە.
لە هەموو هێرشەکانی سوپاى عێراق بۆ سەر چیای سەرتێز، لە گوندی سێتکانەوە سەری چیاکەیان دەگرت. لەسەر یەکێک لە بەرزاییەکانی باکووری چیای زۆزک لە خوار چیای سەرتێز، بە ناوی خارومەر، کە مەترێنۆزێکی هێزی پشتیوانی تێدا جێگیر بوو، پشتیوانیی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمهرگەی لە چیای سەرتێز دەکرد.
مانەوەی لووتکەی چیای سەرتێز بە دەستی هێزەکانی پێشمهرگهی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. ئەمجارە نامەیەک بۆ فەرماندەکانی ئەم بەرەی شەڕە لە بارەگای بارزانییەوە گەیشت کە چیای سەرتێز دەبێت بە دەستی پێشمهرگه بێت. ناوەڕۆکی نامەکە جەختی لەوە دەکردەوە کە هێزەکانی هەڵگورد دەبێت دەست بەسەر چیاکەدا بگرن، پاشان کەتایبەتی سەید عەبووش لە هێزی زاخۆ لەوێ جێگیر ببن. بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرکردایەتیی بارزانی، هەردوو هێزی هەڵگورد و ئەزمەڕ توانییان هێرش بکەنە سەر لووتکەی چیاکە و لە ماوەیەکی کەمدا سوپاى عێراق و بەکرێگیراوان (جاش) ناچار کران پێگەکانیان چۆڵ بکەن، چیای سەرتێز جارێکی دیکە کۆنترۆڵ کرایەوە و کەتایبەتی سەید عەبووش وەک لە نامەکەدا هاتووە لەوێ جێگیر بوون. بەڵام ئەمجارە سوپاى عێراق تووشی شکستێکی سەخت بوو لە بەرامبەر هەڵمەتەکانی پێشمهرگه. هیچ شتێکی بۆ نەمایەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هێزەکانی پێشمهرگه لە هەموو ئەو زیانانەی پێی گەیشتبوو، جگە لە تۆپبارانکردنی چڕی پێگەکانی پێشمهرگه لە چیای سەرتێز. ئەم تۆپبارانە زیانی زۆری بە هێزەکانی پێشمهرگه گەیاند و بووە هۆی شەهید بوونی ١٨ پێشمهرگه و ١٤ بریندار لە هێزی هەڵگورد، ١١ شەهید و ٤ بریندار لە هێزی زاخۆ، شەهیدێک و ٢ بریندار لە هێزی زەمناکۆ.
بەهۆی ئەو شکستە یەک لەدوای یەکانەی لەم ناوچەیە تووشی بوو. و دەستپێکردنی وەرزی سەرما و بەفر بارین، سوپاى عێراق لاواز بوو و نەیتوانی بەرگەی پێشمهرگه بگرێت و جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر چیای سەرتێز.
سەرچاوەکان:-
مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم.
-
سەنگەر ئیبراهیم خۆشناو، ڕووداوە سەربازییەکانی شۆڕشی ئەیلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپی یەکەم، هەولێر.
-
غازی عادل گەردی، پێشمهرگهیهك له خزمهت بارزانیدا ... حهجی بێڕۆخی، بهرگی یهكهم، چاپی دووهم، ٢٠٢٠.
-
ئیسماعیل گوندهژۆری، شۆڕشی ئهیلول له باڵهکایهتی، چاپخانهی ڕۆژههڵات، ٢٠١٨.
-
دیمانه: گۆرگیس یهلدا تهرخان، پێشمهرگهی شۆڕشی ئهیلول، ئهرشیفی ئینسایكلۆپیدیا.
-
دیمانه، قادر حهسهن سیتكانی، پێشمهرگهی شۆڕشی ئهیلول، ٣١/١٢/٢٠٢٢.


