ئەندازیار و سیاسەتمەدار نازەنین محەمەد ویسو، لە ساڵی 1973 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی (خوێندکارانی) کوردستانەوە کردووە، نوێنەری کۆنگرەی یازدەیەمی 1993 و ئەندامی لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی دوازدەیەمی ساڵی 1999ی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و لە ساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەیەمدا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە؛ هەڵگری میدالیای بارزانیی نەمرە.
ژیاننامە
نازەنین محەمەد ویسو لە ساڵی 1958 لە شاری هەولێر لەدایک بووە. لە ساڵی 1973 قۆناغی پاش ناوەندی لە شاری هەولێر تەواو کردووە و لە ساڵی 1979 بەکالۆریۆسی ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی سلێمانی وەرگرتووە. لە ساڵی 1980 وەک ئەندازیار لە فەرمانگەی ڕێگاوبانی هەولێر دامەزراوە، لە ساڵی 1992 بووەتە بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی هەولێر، لە ساڵی 1995 بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوەی هەولێر، لە ساڵی 1996 و لە کابینەی سێیەمدا بووەتە بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە ساڵی 1999 لە کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بووەتە وەزیری کار و نیشتەجێکردن، لە ساڵی 2004 بووەتە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و لە ساڵی 2006 لە کابینەی پێنجەمدا بووەتە وەزیری شارەوانی.
خەباتنامە
لە ساڵانی (1961 - 1972)، بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی باوکییەوە، خێزانەکەی بۆ باشووری عێراق دوورخراوەتەوە. لە ساڵی 1973 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی (خوێندکارانی) کوردستانەوە کردووە.
نوێنەری کۆنگرەی یازدەیەمی 1993 و ئەندامی لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی دوازدەیەمی 1999ی PDK بووە و لە ساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەیەمدا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە.
لە ساڵی 2011 بووەتە یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ساڵی 2014 بووەتە جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن. لە 16ی ئابی 2018، بەهۆی چالاکییەکانی لە سەردەمی شۆڕشدا، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە میدالیای بارزانیی نەمر پێبەخشراوە.
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


