دوای ئەوەی پارتی بەعس لە عێراق بە کودەتای سەربازیی تەمموزی ١٩٦٨ بوو بە دەسەڵاتدار، دیسان شەڕ و هێرشەکانی خۆی بۆ سەر کوردستان توندتر کرد، دەڤەری بادینان یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ کۆنترۆڵکردن و لابردنی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم دەسەڵاتی سەربازیی کە چەند ساڵێک بوو بۆی تێدەکۆشان و شەڕیان دەکرد، ڕووبەڕووی هێرشی سوپای عێراق بووەوە، بۆ ئەو مەبەستە لەسەر زۆر ناوچەی کوردستان چەند هێرشێکیان ئەنجامدا و زۆر سڤیلی بێتاوانیان کوشت و کۆمەڵکوژییان کرد، چیرۆکی گوندی سۆریای کریستیانەکان یەکێک بوو لەو زنجیرە تاوان، کۆمەڵکوژی و بەدبەختییانەی کە سوپای عێراقی دڕندە بۆ بەردەوامیدان و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە بەرامبەر سەرکردایەتیی شۆڕشی گەلی کورد و گەلی کورد ئەنجامیدا.
سۆریا گوندێکی بچووکە لە دەشتی سلێڤانەی سەر بە قەزای زاخۆ و چەند کیلۆمەترێک لە پێشابوور دوورە، دەکەوێتە لای چەپی ڕووباری دیجلە لە سێگۆشەی سنووری سووریا-تورکیا-عێراق، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٢٠ خێزان بوو، زۆربەیان کریستیان بوون، کە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ بوون.
لە ١٦ی ئەیلوولی ١٩٦٩، لەسەر ڕێگای سەرەکیی نزیک گوند، مینێک بە ئۆتۆمبێلێکی سوپای عێراقدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا هەموو سەرنشینەکانی کوژران و بریندار بوون، یەکێک لە کوژراوەکان ئەفسەرێکی سەربازی بوو بە ناوی عەبدولوەهاب عەبدولکەریم، لەبەر ئەوەی گوندەکە نزیک شوێنی ڕووداوەکە بوو، بە بیانووی تۆڵەسەندنەوە دەستبەجێ هێزێکی گەورەی سەربازییان ڕەوانەی گوندەکە کرد، کاتێک خەڵکەکە بینییان کاروانی سەربازی بەرەو گوندەکەیان دێت، موختاری گوند، قەشەی ئایینی و شۆفێرەکەی کە وەک میوان چوونەتە گوند، چوونە پێشوازی سوپای عێراق، هێزەکانی سوپای عێراق بە فەرماندەیی مەلازم عەبدولکەریم لە تابووری ٤ی لیوای ٢٣ بوون، کاتێک هاتنە لای پێشوازیکارانی گوند، بێ پرسیار، ڕوونکردنەوە و گوێگرتن لەو سێ کەسە، فەرمانی گولـلەبارانکردنیانی دا و ئەوانیان لە خوێندا گەوزاند.
پاشان دەوری گوندیان گرت و گوندنشینەکانی کە ژن، منداڵ، بەساڵاچوو و منداڵیشیان لەنێودا بوو بە زۆر لە ماڵەکانیان دەرهێنان، خستیانە ناو تەل (پەرژینێک) و دەستگیریان کردن، پاشان بە شێوەیەکی بێ ڕەحم گولـلەیان لێ ڕشتن و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا، ئەفسەری سەربازیی بەعسی بەمە نەوەستا، بەدوای تەرمەکاندا گەڕان، گولـلەیان لە مێشکی کەسە زیندووەکان نا و تا هەموو ئەو کەسانەی لەناو تەلەکەدا گیریان خواردبوو کۆمەڵکوژییان کردن، پاشان فەرمانی سووتاندنی خانووەکان و وێرانکردنی گوندەکەی دا، ئەمە یەکێکی دیکە بوو لە سیاسەتە پلاندانراوەکانی ڕژێمی بەعس لە گوندەکانی کوردستان بۆ تێکدانی ژێرخانی ئابووری کە بە سیاسەتی سووتاندنی زەوی ناسراوە، لە کاتی سووتاندنی گوندەکەدا ٥ منداڵیان لە کۆگایەکی گەنمدا دۆزییەوە و هەر پێنجیان گولـلەباران کردن، بەمەش نەوەستان و بەدوای تەرمی شەهیداندا گەڕان، سووکایەتییان پێکردن و دەستیان کرد بە تاڵانکردنی زێڕی ژنان، دەست و پەنجەیانیان بڕی بۆ ئەوەی ئەڵقە و بازنەکانیان لێ بکەنەوە.
بە گشتی ژمارەی قوربانییان بوو بە ٣٩ کەس کە لەوانە ٩ ژن و ١١ منداڵ بوون، هەموویان لە دوو گۆڕدا بە خاک سپێردران، یەکێکیان بۆ ژنان و ئەوی دیکەیان بۆ پیاوان لە نزیک گوند، بێگومان ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای عێراقدا دژی سڤیل و کەسانی بێتاوان وەک ژن و منداڵ دەبینرێت، تاوانێکە کە هەموو سنوورەکانی ویژدانی مرۆیی بەزاندووە، چووەتە خانەی قڕکردنی هەرە دڕندانەی دژی مرۆڤایەتی لە تەواوی سەدەی ڕابردوودا.
سەرچاوە:-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٣، بەشی ١، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی ١، ٢٠٠٤.
-
هۆژین مەسعود سەڕنی، شۆڕشی ئەیلوول لە دەڤەری بادینان ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی ١، ٢٠١٨.
-
ئاری کەریم، چەند لاپەڕەیەکی زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چاپخانەی خەبات، دهۆک ١٩٩٩.
-
ئیبراهیم جەلال، باشووری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول ئاوەدانکردنەوە و ڕووخان ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.
-
هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٠، چاپی ١- چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین، هەولێر، ٢٠١٢.


