هۆکاری بەستنی کۆنگرە
لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٦٣، ڕژێم هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان دەستپێکردەوە و هەموو هێزە چەکدارەکانی خۆی بۆ مەیدانەکانی جەنگ نارد. لەم هێرشانەدا، ڕژێم هاوکاریی هێزە هەرێمییەکانی ناوچەکەشی وەرگرت. هێزی ئاسمانیی تورکیا و ئێران، کە ئەندامی پەیمانی سەنتۆ بوون، ڕێگەیان پێدرا سنووری عێراق ببەزێنن و بنکەکانی پێشمهرگه بۆردومان بکەن. سوپای سووریا بە زەمینی هاتە ناو عێراق و لە بادینان یارمەتیی سوپای عێراقی دا. هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک یەکێتیی سۆڤیەت و بەریتانیاش دەستیان بە یارمەتیدانی سوپای عێراق کرد.
سوپای کوردستان بۆ بەرگریکردن لە خۆی چەند بەرەیەکی کردەوە و بەرگریی لە هێرشەکان کرد. لەم ماوەیەدا، مستەفا بارزانی چەند نامەیەکی بۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان نارد و داوای لە ئیبراهیم ئەحمەد، سکرتێری حزب و مەکتەبی سیاسی کرد کە چەند هێرشێک بکەنە سەر سوپا لە ناوچەکانی خۆیان. بەڵام مەکتەبی سیاسی، بەتایبەت ئیبراهیم ئەحمەد، وەڵامی داواکارییەکانیان نەدایەوە و تەنانەت ڕێگرییان لە فەرماندەکان کرد بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان هێرش بکەنە سەر هێزەکانی حکومەت. ئەم ڕەفتارانە ساردییەکی لە نێوان مستەفا بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەد دروست کرد.
لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣، حکومەتی بەعس لەلایەن سوپاوە ڕووخێنرا. دوای کودەتاکە، عەبدولسەلام عارف دەسەڵاتی گرتە دەست و ڕاستەوخۆ داوای لە سەرکردایەتیی شۆڕش کرد دانوستان بکەن. لە کانوونی یەکەمی ١٩٦٣، دوای ئەوەی بارزانی ڕاوێژی بە مەکتەبی سیاسی کرد، دانوستانەکان دەستیان پێکرد و عەبدولڕەزاق مەحمود، پارێزگاری سلێمانی، وەک نوێنەری حکومەت هاتە ڕانیە و لەگەڵ مستەفا بارزانی، و جەلال تاڵەبانی و نوری شاوەیس، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆبووەوە. گفتوگۆکان بوونە هۆی ڕێککەوتن لە نێوان هەردوولا و دەرکردنی بەیاننامەیەک. ڕێککەوتنەکە لە ١٠ی شوباتی ١٩٦٤ لەلایەن حکومەتەوە ڕاگەیەندرا، کە ئاماژەی بەوە دەکرد "دەوڵەت دان بە مافە نەتەوەییەکانی کوردیەکان دەنێت."
لە ١٧ی شوباتی ١٩٦٤، ئیبراهیم ئەحمەد، عەزیز شەمسینی و عومەر مستەفا دەبابە هاتنە سەنگەسەر و لەگەڵ بارزانی کۆبوونەوە. ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان بوو لەسەر ڕێککەوتنی ١٠ی شوبات. دوای مانەوەی هەفتەیەک لە سەنگەسەر، ئیبراهیم ئەحمەد و هاوڕێکانی گەڕانەوە ماوەت، لەوێ دەستیان بە دژایەتیکردن کردەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و پێشمهرگه ماوەت بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی لە سەنگەسەر پەیوەندی بە بارزانییەوە بکەن و پلانی مەکتەبی سیاسی بۆ ئاشکرا بکەن. دوای گەیشتنی فەرماندەکانی پێشمهرگه، بارزانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵیان ئەنجامدا و دوای ڕاوێژکردن، بڕیاریدا هەموو ئەو فەرماندەیانەی شوێن مەکتەبی سیاسی کەوتبوون لایان ببات و فەرماندەی دیکەیان لە جێگە دابنێت کە جێگەی متمانە بن. ئەو فەرماندەیانەی لادران بریتی بوون لە جەلال تاڵەبانی، عومەر مستەفا دەبابە، عەلی عەسکەری و کەمال موفتی. لە بەرامبەردا، ئیبراهیم ئەحمەد و مەکتەبی سیاسی لە ٩ی نیسانی ١٩٦٤ کۆنفڕانسێکیان لە ماوەت بەست و بڕیاریاندا مستەفا بارزانی لە سەرۆکایەتیی حزب هەڵپەسێرن.
هێزی پێشمهرگه دوای هەڵپەساردنی مستەفا بارزانی دابەش بوون بەسەر دوو باڵدا. کۆمیتەی باڵای چاودێری و پشکنین پێشنیاری بەستنی کۆنگرەی شەشەمیان کرد بۆ پاراستنی یەکێتیی پارتی دیموكراتی كوردستان. بۆ ئەم مەبەستە، سەردانی ماوەت، بارەگای مەکتەبی سیاسی، و سەنگەسەر، بارەگای سەرۆکیان کرد. لە ئەنجامدا، مستەفا بارزانی ڕازی بوو بە بەستنی کۆنگرە، بەڵام مەکتەبی سیاسی لەگەڵ بەستنی کۆنگرە نەبوو.
بەستنی کۆنگرە
کۆنگرەکە لە ١ تا ٧ی تەمموزی ١٩٦٤ لە شارۆچکەی قەڵادزێ بە ئامادەبوونی ٦٣٩ نوێنەر بەسترا. لە سەرەتای دەستپێکی کۆنگرەکە لە ١ی تەمموز، مستەفا بارزانی بڕیاریدا شاندێکی دوانزە نوێنەری کۆنگرە بنێرێت، کە بریتی بوون لە: ئیسماعیل مەلا عەزیز، عەلی هەژار، مەجید ئەتروشی، ئەحمەد ئەتروشی، فاتح محەمەد دکتۆر ئەمین، جەلال مەحمود بەگ، هتد بۆ ماوەت بۆ ئەوەی داوا لەو گروپەی ئەوێ بکەن بەشداریی کۆنگرە بکەن و کێشەکانیان پێشکەش بکەن، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆنگرە بکەن. هەرچەندە کۆنگرەکە چەند ڕۆژێک دواکەوت، بەڵام کارەکانی دەستپێکردەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، گرنگترینیان بریتی بوون لە: دامەزراندنی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی کۆنفڕانسی ماوەت و دەرکردنی چواردە ئەندام، کە بریتی بوون لە: ئیبراهیم ئەحمەد، نوری شاوەیس، عومەر مستەفا دەبابە، سەید عەزیز سەید عەبدوڵڵا شەمسینی، جەلال تاڵەبانی، عەلی حەمدی، عەبدولڕەحمان زەبیحی، عەلی عەسکەری، ئەحمەد عەبدوڵڵا، حیلمی عەلی شەریف، محەمەد حاجی تاهیر، مەلا عەبدوڵڵا ئیسماعیل "مەلا مۆتۆر"، نوری ئەحمەد تەها و عەلی عەبدوڵڵا.
مستەفا بارزانی بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی حزب هەڵبژێردرایەوە، و کۆمیتەیەکی ناوەندیی نوێ هەڵبژێردرا، کە چواردە کەسیان ڕاستەوخۆ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە هەڵبژێردران و سێ کەسیش لەلایەن سەرۆکەوە بۆ ئەندامێتیی سەرکردایەتی کاندید کران، ئەوانیش: مستەفا قەرەداغی، محەمەد ئەمین محەمەد عەلی و عومەر شەریف. نوێنەرانی کۆنگرە هەڵبژاردنی ئەم ئەندامانەیان بە سەرۆک سپاردبوو.
ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی نوێ بریتی بوون لە:
١- مستەفا بارزانی، سەرۆک
٢- حەبیب محەمەد کەریم، سکرتێر
٤- ساڵح یوسفی
٥- عەزیز عەقراوی
٦- دکتۆر فوئاد جەلال
٧- یادوڵڵا فەیلی
٨- عەلی قاسم سینجار
٩- نوعمان عیسا شەریف
١٠- ئیسماعیل عارف
١١- هاشم حەسەن عەقراوی
١٢- ئیسماعیل مەلا عەزیز
١٤- مستەفا قەرەداغی
١٥- محەمەد ئەمین محەمەد عەلی
١٦- عومەر شەریف
١٧- ڕەمەزان عەقراوی
١٨- فاتح محەمەد ئەمین.
پاشان کۆمیتەی ناوەندی بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی ئەندامانی مكتب سیاسی و سکرتێری هەڵبژارد، کە بریتی بوون لە: حەبیب محەمەد کەریم، سکرتێر، دکتۆر مەحمود عوسمان، مستەفا قەرەداغی، ئیسماعیل عارف غەفور و هاشم ئاکرەیی. هەروەها نوێنەرانی کۆنگرە ڕاستەوخۆ کۆمیسیۆنی باڵای چاودێری و پشکنینیان هەڵبژارد، کە بریتی بوون لە شەوکەت حاجی عەلی، فارس کۆرەمەری، محەمەد مەلا قادر، سەبری بۆتانی، مەلا ساڵح حاجی و مەلا حەیدەر محەمەد حسێن.
کۆنگرە هەروەها سەرکردایەتییەکی نوێی هەڵبژارد و بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پەسەند کرد.
سەرچاوەکان:
• مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنهوهی رزگاریخوازی كورد، ١٩٥٨-١٩٦١، بهرگی دووهم، (٢٠١٢).
• صلاح الخرسان، التیارات السیاسیة في كردستان العراق، قراءة في ملفات الحركات و الأحزاب الكردیة في العراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بیروت – مطبعة البلاغ – ٢٠٠١م).
• حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خهبات ـ ١٩٩٨م).
• نزار خهیلانی، ئهسعهد خهیلانی دهفتهری بیرهوهریهكانی ههڵدهداتەوه، (ههولێر ـ دهزگای چاپ و بڵاوكردنهوهی بهدرخان ـ چاپخانهی هێڤی ـ ٢٠١٤ز).
• عبدالستار تاهر شهریف، ململانی لهگهڵ ژیاندا یادداشت ١٩٧١ ـ ١٩٣٥، بهرگی یهكهم، (كهركووك ـ چاپخانهی ئارابخا ـ ٢٠٠٥ز).
• حوسێن محهمهد عهزیز، پێنج كاتژمێر لهگهڵ (برایم ئهحمهد)دا، (سولهیمانی ـ چاپخانهی سیما ـ چاپی سێیهم ـ ٢٠٠٢ز).
• شكیب عقراوي، سنوات المحنة في كوردستان اهم الحوادث السیاسیة و العسكریة في كوردستان و العراق من ١٩٥٨ الی ١٩٨٠، الطبعة الثانیة، (اربیل ـ مطبعة منارة ـ ٢٠٠٧م).
• علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الاشتراكي في العراق، الجزء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م).








