لەدایکبووی ئێدیث مۆبیت، ناسراو بە مادام کۆجێرا لە ساڵی ١٩٤٠ لە پایتەختی فەرەنسا پاریس، هەڵگری بڕوانامەی زانستە ئابوورییەکانە لە زانکۆی پانتیۆن لە پاریس، هاوسەری ڕۆژهەڵاتناسی فەرەنسی کریس کۆجێرا بووە.

لە ساڵی ١٩٦٩ەوە وەک ڕۆژنامەنووس و وێنەگر کار دەکات، لەگەڵ هاوسەرەکەی کریس کۆجێرا دامەزراوەی (فرێلانس Free lance)ی ڕۆژنامەنووسییان لە پایتەختی فەرەنسا پاریس دامەزراند. شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزی کوردە. لە ساڵی ١٩٧١ چەندین وتاری لەسەر کوردستان لە ڕۆژنامە و گۆڤارە فەرەنسی و نێودەوڵەتییەکان بڵاوکردەوە.

ئێدیث مۆبیت کۆجێرا لەگەڵ هاوسەرەکەی کریس کۆجێرا بەشداری لە نووسینی زۆرێک لە توێژینەوەکاندا کردووە، چەند جارێک سەردانی کوردستانی کردووە و خاوەنی کۆمەڵێک وێنە و ئەرشیفێکی دەوڵەمەندە لەسەر دۆزی کورد و کوردستان بە گشتی، هاوسەرەکەی کریس کۆجێرا بەرفراوان سوودی لە ئەرشیف و وێنە فۆتۆگرافییەکانی وەرگرتووە لە کتێبەکانی خۆیدا. خاتوو کۆجێرا ڕۆژنامەنووسێکی بەهرەمەند بوو کە کامێراکەی بەکارهێنا بۆ نیشاندانی وێرانکاری شاری قەڵادزێ و تاوانەکانی حکومەتی عێراق و سەددام حوسێن لەبەردەم چاوی جیهاندا.

ئامادەی ئێدیث مۆبیت کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو وەک میوان لە ماوەی ١١ تا ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، و مەدالیای بارزانی وەرگرت و لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی وە پێشکەشی کرا بۆ ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کورد و کوردستانی کردووە.

بەرهەمەکانی:

١- ئێرترە ١٩٩٤

٢- مێژووى کوردستان ٢٠٠٧

سەرچاوە:

 ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان