ژیاننامە

تەها یاسین شکور، ساڵی ١٩١٩ لە گوندی میرۆز سەر بە ناحیەی شیروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، پێش چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ (مەسریخان عەزیز ئەحمەد) هاوسەرگیری کردووە و کوڕێکیان بووە، دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٦٠ لەگەڵ مەجید بۆسی لە دارستانەکانی ئاکرێ فەرمانبەر بووە، ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە گوندی میرۆزەوە بۆ کۆمەڵگەی کۆرتۆ ڕاگوێزراوە، هەروەها ساڵی ١٩٩٠ جارێکی دیکە بۆ کۆمەڵگەی شاخۆلان ڕاگوێزراوە، شارەزای زمانەکانی (کوردی، ڕووسی و تورکی) بووە، لە ١٨ی ئەیلوولی ١٩٩٣ لە کۆمەڵگەی شاخۆلان کۆچی دوایی کردووە و لە هەمان گوند بە خاک سپێردراوە.

لاپەڕەکانی تێکۆشان

هاوڕێیەتی تەها یاسین شکور لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ فەرماندە مستەفا بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت کرد، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کرد. دوای ماندووبوون و هیلاکبوونێکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی بەزاند، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.

و یەکێتی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوسەنگەرانی لە نەخجەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا کە بە تێلی دڕکدار دەوردرابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن، دەستبەسەر کران، لە ڕووی خۆراک و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کرا، بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەش کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە، لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت، ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان دەکرد، لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.

دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باقیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، لەوێ مەشقە سەربازییەکانیان درێژە پێدا.

لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەش کران و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتیان بە کرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان وەک باج دەدایە حکومەت) کاریان کرد.

دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن فەرماندە بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین دواجار نامەیەکی پێگەیشت کە بارزانی تێیدا باسی ئازار و مەینەتی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەت بەڕێکەوتن.

دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ و گەڕانەوەی فەرماندە مستەفا بارزانی لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ بەپێی ماددەکانی (٣) و (٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراوی ساڵی ١٩٥٩، لێبوردنی گشتی دەیگرێتەوە.

کۆماری عێراق لە ساڵی ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی لەسەر کەشتیی کرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.

بەشداری کردووە لە شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٦١، و لە شەڕەکانی کڵی سپی، زاویەتە، عەین زالە، چیای ئەتروش، مەتین و لووتکەکانی سەفین، وەک فەرماندەی سەربازی لە شوێنی هاشم میرۆزی دانرا، و لە ساڵانی (١٩٧٠-١٩٧٥) لە بارەگای بارزانی لە دیلمان خزمەتی کردووە.

سەرچاوەکان:

- حەمید گەردی، پوختەی مێژوونامە، چاپی یەکەم، (هەولێر - دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٤ز).

- شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣ز).

- ساڵح یوسف سۆفی، کرۆنۆلۆژیا کوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێکی، بەرگی دووی، (دهۆک - چاپخانا پارێزگەها دهۆکێ - ٢٠١٣ز).

- عومەر فاروقی، سەردار دانا ژیان و خەباتەکانی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی، چاپی دووەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٢ز).

- عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزان لە نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - ٢٠٠١ز).

- گۆڤاری هەتاو، ژمارە ١٥٤، ساڵی شەشەم، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی، ١٥ی نیسانی ١٩٥٩.

- لەیس عەبدولموحسین جەواد ئەلزوبێدی، شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق، (بەغدا - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).

- محەمەد ساڵح پێندرۆیی (جگەر سۆز)، ژیانی کەلتووری و کۆمەڵایەتی دەڤەری مزووری باڵا، (هەولێر –چاپخانەی ڕۆژهەڵات -٢٠٢٠ز).

- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨ز).

- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.