سولێمان ئەحمەد ئیسماعیل عومەر دۆڵەمەری لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی خرا-ی سەر بە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول کرد لە تەمەنی گەنجێتیدا لە ساڵی ١٩٦٧ کاتێک تەمەنی ١٤ ساڵ بوو لەگەڵ عەزیر دۆڵەمەری و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە دیلمان لە ڕیزەکانی پێشمەرگە خزمەتی کرد.
لە دیلمانەوە گواسترایەوە بۆ قەسرێ و لەوێ بەشداری لە خولێکی بەکارهێنانی چەکی دۆشکە کرد دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ١١ ئاداری ساڵی ١٩٧٠، کاتێک ڕژێمی عێراق دەستی بە شەڕی دژی شۆڕشی ئەیلوول کرد لە ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ عومەر ئاغا دۆڵەمەری وەک ئامانجگر بۆ چەکی دۆشکەی شۆڕش کاری دەکرد و بەوپەڕی ئازایەتییەوە بەرگری لە خاکی کوردستان کرد.
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ پەنای بۆ ئێران برد، سەرەتا لە شاری نەغەدە نیشتەجێ بوو پاشان گواسترایەوە بۆ کۆمەڵگەی زێوە و لەوێ نیشتەجێ بوو، دواتر لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە گواسترایەوە بۆ کۆمەڵگەی جەهرەم و دوای دوو ساڵ نێردرایە شاری لاهیجان، دوای مانەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لاهیجان بە داواکاری خۆی بەرەو شاری قەزوین چوو کە براکەی لێی دەژیا.
لە ساڵی ١٩٧٩، کاتێک ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران ڕووخا، سولێمان ئەحمەد و براکەی ڕەشید جارێکی دیکە پەیوەندییان بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردەوە و وەک مفرازەیەک بۆ ئەنجامدانی چالاکی سەربازی دژی ڕژێمی عێراق گەڕانەوە بۆ باشووری کوردستان. لە هەمان ساڵدا براکەی ڕەشید لە پێکدادانێک لەگەڵ سوپاى عێراق لە گردی قەزای دیانا شەهید بووە.
لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ ئیدریس بارزانی و شێخ محەمەد خالید لە زێوەوە بەرەو دەشتی برازگەر لە قەزای سیدەکان چوون، دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکە و سەردانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی بارزان لە ناوچەکە، گەڕایەوە بۆ کۆمەڵگەی زێوە. لە هەمان ساڵدا دوای گەڕانەوەی لە گوندی ڕاژان لە ڕوژههلاتی کوردستان بەشداری لە خولی بەکارهێنانی تۆپی ٥٧ کرد، دوای تەواوکردنی خولەکە بەرەو باشووری کوردستان لەگەڵ عەزیر دۆڵەمەری چوو و چەند چالاکییەکیان دژی بنکەکانی سوپاى عێراق لە کۆری کۆمی و پردی لێلۆک و تەنگەی سارکی لە ناوچەی مێرگەسۆر ئەنجامدا، لە هەمان ساڵدا بەشداری لە شەڕی گەورەی مێرگەسۆر بە سەرکردایەتی ئەحمەد سەعید سپینداری کرد.
لە ساڵی ١٩٨٨ بەشداری لە شەڕی قەبری زاهیر و مەلحەمەی خواکوڕک لە سێگۆشەی سنووری ڕوژههلاتی و باشووری و باکووری کوردستان کرد، دوای هێرشەکانی ئەنفال و هێرشە کیمیاییەکانی حکوومەتی عێراق دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لە کوردستان گەڕایەوە بۆ ڕوژههلاتی کوردستان.
دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ گەڕایەوە و لە گوندی شێخانی لە ناوچەی مێرگەسۆر نیشتەجێ بوو، لە ساڵی ١٩٩٤ بە جێگری هێزەکانی ١٠٠ لە سوپای بارزان دەستنیشانکرا، چوار جار لە شەڕەکانی بەرگری لە خاکی کوردستان بریندار بووە لە شەڕی وادی سۆر لە ناوچەی دۆڵەمەری لە ساڵی ١٩٨٠، و لە شەڕی سێبێلک لە ساڵی ١٩٩٥، و لە شەڕی کۆمسپان لە ساڵی ١٩٩٦، و دواجار لە شەڕی شکروک لە ساڵی ١٩٩٧.
مەدالیای بارزانی لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕۆژی ١٥ کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ وەک ڕێزێک بۆ خزمەت و چالاکییەکانی پێ بەخشرا، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی سێزدەیەم-ی پارتی دیموکراتی کوردستان.
سەرچاوە:١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


