ڕەشید محەمەد فەقێ ناسراو بە ڕەشید ئیسومری ساڵی ١٩٤١ لە گوندی ئیسومری سەر بە ناوچەی بارزان لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە و لە شاری نەغەدە نیشتەجێ بووە، پاشان گوازراوەتەوە بۆ شاری کەرەج، ساڵی ١٩٩١ لە کاتی ڕاپەڕینی جەماوەریی باشووری کوردستان گەڕاوەتەوە کوردستان، لە ٧ی تەمموزی ٢٠١٣ کۆچی دوایی کردووە.
پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول کردووە لە ساڵی ١٩٦١ دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە لای زوبێر فەقێی برای، ڕەشید محەمەد فەقێ بەشداری لە شەڕەکانی دۆڵی زێوێ و لۆمانا و ماخوبزنان لە ناوچەی بادینان کردووە، دوای شەهیدبوونی براکەی لە ساڵی ١٩٦٢ لە شەڕی مریبا، پلەی فەرماندەی کەرت-ی وەرگرتووە، ساڵی ١٩٦٢ بەشداری لە شەڕی سەری ئاکرێ و ساڵی ١٩٦٣ لە شەڕی بێرس کردووە، دوای پاککردنەوەی ناوچەی بادینان لە سوپای عێراق و چەکدارە بەکرێگیراوەکان، بە یاوەری مەلا مستەفا بارزانی بۆ ناوچەی سۆران پەڕیوەتەوە و بووە بە پاسەوانی تایبەتی مەلا مستەفا بارزانی و تا ساڵی ١٩٧٥ لەو ئەرکە بەردەوام بووە.
لە کاتی ڕاپەڕینی جەماوەریی ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و بەشداری لە شەڕەکانی دژی سوپای عێراق کردووە، ساڵی ١٩٩٣ بووە بە بەرپرسی لێژنەی کۆمەڵایەتی سەر بە مەکتەبی کۆمەڵایەتی گشتی لە گوندەکانی نەزاری.
لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە کاتی ئاهەنگی یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە وەک ڕێزێک بۆ ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کورد و کوردستانی کردووە.
سەرچاوە:١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


