ئەحمەد عەلی ئەحمەد مستەفا ناسراو بە ئەحمەدی شێخ عەلی، ساڵی ١٩٥١ لە ناحیەی بیارەی سەربە پارێزگای هەڵەبجە لە دایکبووە، دانیشتووی بیارە بووە و سەرقاڵی کاری جوتیاری و باخداری بووە. خێزاندار بووە و خیزانی ناوی سوهام مەجید بووە، خاوەنی سێ کوڕ و دوو كچ بووە بەناوەکانی سیروان و هێمن و عومەر و ئامینە، مه‌ریه‌م، له‌ ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ مه‌ریه‌می كچی لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجە شەهید بووە.

ساڵی ١٩٨١ بۆتە پێشمەرگە لە هێزی هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی به‌هێزی کەسایەتییه‌ کۆمەڵایەتییه‌كه‌ی لە دەڤەری هەورامان و شاری هەڵەبجە، نادر هەورامی بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرماندەی هێزی هەورامان بۆ بارەگای لقی چوار ده‌یگوازێته‌وه‌، لە ته‌مه‌نی پێشمەرگایەتی سێ جار بریندار بووە، ساڵی ١٩٨٣ لە گوندی تەپەکوڕەی دەشتی شارەزوور، ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی شیرەمەڕی دەشتی شارەزوور، ساڵی ١٩٨٦ لە گوندی بەشارەتی دەشتی شارەزوور زۆر بە سەختی بریندار بووە و شەش گوله‌ی بەرکەوتووە.

ساڵی ١٩٨٥ پلەی فەرماندەی بەتالیۆنی سەربە هێزی هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە، لە مانگی ٤ی ١٩٨٧ لە ڕووبەڕوو بوونەوەی سوپای ڕژیمی بەعس لە چیای زەردەی دەڤەری قەرەداغ شەهید بووە.

سه‌رچاوه‌:

- ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.