ژیاننامە

ساڵی ١٩١٨ لە گوندی بابسیڤا سەر بە ناحیەی بارزان لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، پێش ئەوەی بچێتە یەکێتی سۆڤیەت هاوسەرگیری کردووە، ناوی هاوسەرەکەی پەرین عیسا گۆران بووە، کوڕێکیان هەبووە بە ناوی مستەفا سەلیم (١٩٤٤) کە لە ٣١ی تەمموزی ١٩٨٣ لە پرۆسەی ئەنفالی بارزانییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە کۆمەڵگەی قوشتەپە بێسەروشوێن کراوە.

سەلیم ڕەشید لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی کشتوکاڵ بەدەستهێناوە، لە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ئافرەتێک بە ناوی زەهرا هاوسەرگیری کردووە، دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق لە ساڵی ١٩٥٩، وەک فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی دامەزراوە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی بارزان.

 لە ساڵی ١٩٨٠ گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگەی قوشتەپە، پاشان لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر دامەزراوەتەوە، شارەزای زمانی کوردی و عەرەبی و ڕووسی بووە و لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦ کۆچی دوایی کردووە.

لاپەڕەکانی تێکۆشان

لە ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە کردووە و بەشداری لە گرتنی بنکەکانی پۆلیسی شنگیل، بێدارۆن، کانی ڕەش و بڵی کردووە، لە ٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٣ بەشداری لە گرتنی بنکەی پۆلیسی شانەدەر و لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٣ بەشداری لە گرتنی بنکەی پۆلیسی خێرزۆک و لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٤٣ بەشداری لە گرتنی بنکەی پۆلیسی مزنی و لە ٨ی ئابی ١٩٤٥ بەشداری لە گرتنی بنکەی پۆلیسی مێرگەسۆر کردووە. لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە فەرمانی دادگای سه‌ربازی عێراقی سەرجەم موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دەستی بەسەردا گیراوە. لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان ڕووی لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان کردووە، لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ پەیوەندی بە هێزەکانی بارزانی سەر بە سوپای کۆماری کوردستان لە مهاباد کردووە، لە ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ بەشداری لە شەڕی قەرەوا لە ناوچەی سەقزی ڕوژهه‌لاتی کوردستان کردووە و دەستی بریندار بووە.

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە ١٩ی ئازاری ١٩٤٧، بەشداری لە شەڕەکانی نەغەدە و شنۆ کردووە، لەو پێشمه‌رگه بووە کە لە ١٩/٤/١٩٤٧ لە ڕێگەی (خواکوڕک و دەشتی بێرازگەرا) بە ناو خاکی باکووری کوردستاندا گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکانی شیروان و مزووری.

دوای گەڕانەوەیان، فەرماندە مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی کرد و سەرپشکی کردن لە مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ سەرجەم هاوسەنگەرانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و ڕوو لە یەکێتی سۆڤیەت بکەن، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری فەرماندە مستەفا بارزانی کرد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کردووە. دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی بەزاند، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و سەرجەم هاوسەنگەرانی لە نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا کە بە تێلی دڕکدار دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن، دەستبەسەر کران، لە ڕووی خۆراک و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، پاشان بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دابەش کران بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواسترانەوە بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان، لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان دەکرد، لە هەمان کاتدا ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی زمانی کوردییان دەخوێند.

دوای خراپ مامەڵەکردنی جەعفەر باقیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ تجمەعە سەربازییەکەی لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، لەوێ بەردەوامییان بە مەشقە سەربازییەکانیان دا.

لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر دابەش کران بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتی بەکرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان وەک باج دەدایە حکومەت) کاریان کرد.

دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن فەرماندە بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین لە کۆتاییدا نامەیەکی پێگەیشت کە بارزانی تێیدا باسی ئازار و مەینەتی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ ڕووی لە شاری فریفیسکی سۆڤیەت کرد.

دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی فەرماندە مستەفا بارزانی لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩، لێبوردنی گشتی بارزانی و هاوسەنگەرانی گرتەوە بەپێی ماددەکانی (٣ و ٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراو لە ساڵی ١٩٥٩. 

کۆماری عێراق لە ساڵی ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتیی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان.

لە ساڵی ١٩٦١ بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و لە شەڕەکانی مەعاید، نەهێلی، مەلا، شانەدەر، سەری بێرس و داریت قەرەجا لە نێوان بڵی و ڕێزان کردووە، لە ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ باشووری عێراق دوورخراوەتەوە و لە ناوچەی شافیعی لە پارێزگای دیوانییە نیشتەجێ کراوە.

سەرچاوەکان

١. حەمید گەردی، پوختەی لاپەڕە مێژووییەکان، چاپی یەکەم، (هەولێر - دەزگای ئاراس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە).

٢. حەیدەر فاروق سامەڕائی، ضیاء جعفر ودوره‌ السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لەندەن – دار الحکمة - ٢٠١٦ز).

٣. شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٣ز).

٤. ساڵح یوسف سۆفی، کرۆنۆلۆژیای کوردستان و جیهان، چاپی یەکەم، بەرگی دووەم، (دهۆک-چاپخانەی پارێزگای دهۆک ٢٠١٣ز).

٥. عومەر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ - ٢٠٠٢ز).

٦. عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزان لە نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - ٢٠٠١ز).

٧. کاروان محەمەد مەجید، بارزانییەکان لە مهابادەوە بۆ سۆڤێت، چاپی یەکەم (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند-٢٠١١ز).

٨. گۆڤاری هەتاو ژمارە ١٥٤، ساڵی شەشەم، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی، ١٥ی نیسانی ١٩٥٩.

٩. لە یادداشتەکانی فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان زازۆکی، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر – چاپخانەی ڕۆشنبیری – ١٩٩٧ز).

١٠. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک، چاپخانەی خەبات، ١٩٩٨ز).

١١. نەجەف قولی پسیان، لە مهابادی خوێناوییەوە بۆ کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی یەکەم (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان ١٩٩٦ز).

١٢. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان