دوای نسکۆی کۆمار و کشانەوەی هێزەکانی بارزانی بۆ خاکی عێراق، قۆناغێکی نوێی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ سوپای ئێران و هۆزە لایەنگرەکانی حکوومەت دەستی پێکرد، ژمارەیەک لەم شەڕانە گورزی کوشندە بوون بۆ سوپای ئێران و لایەنگرانی، یەکێک لەو شەڕانەی لە کاتی ئەم کشانەوەیەدا لە نێوان هێزەکانی بارزانی و سوپای ئێران ڕوویدا شەڕی سۆفیان بوو، دوای سەرکەوتن لە شەڕی نالۆس، هێزەکانی بارزانی ئاگادار کرانەوە کە بەشێک لە هێزەکانی سوپای ئێران لە گوندی سۆفیان جێگیر بوون کە دەکەوێتە ١٠ کیلۆمەتری باشووری ناحیەی نالۆس، ئەمەش هێزەکانی بارزانی ناچار دەکات ئەو شوێنە بکەنە ئامانج، بۆیە لە کاتژمێر ٧ی بەیانی ١٧ی ئازاری ١٩٤٧ هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی سوپای ئێران لە سۆفیان دەست پێکرد، کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی هۆزەکانی مامەش و مەنگوڕدا بوو کە لێی هەڵاتبوون.

لە سەرەتادا، بارزانییەکان دوای ١٢ کاتژمێر شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئێران توانییان کۆنترۆڵی بەرزاییەکانی ناوچەکە بکەن، بە سوودوەرگرتن لە هێزی تۆپخانە و چەکی قورس، لەم شەڕەدا هەشت کەس لە هێزەکانی بارزانی شەهید بوون و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون، لە لایەنی ئێرانیش ئەفسەرێک بە ناوی ڕەزا قەرەباغی و سەربازێک کوژران، ١١ کەسی دیکەش لەلایەن بارزانییەکانەوە بە دیل گیران، کاتێک سوپای ئێران بینی لە سۆفیان تووشی شکست بووە وەک ئەوەی لە نالۆس ڕوویدا، دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد، بە سوودوەرگرتن لە فەوجی سوارەی لوڕستان و دوو فەوجی تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی، لە ئەنجامی ئەم هێرشەی کە لە کەشوهەوایەکی خراپدا ئەنجامدرا، بارزانییەکان ناچار بوون پاشەکشە بکەن؟!.

بەڵام لێرەدا دەبێت ڕای پسیانی ڕۆژنامەنووسی بەکرێگیراوی ئێرانی بە درۆ بزانین کە دەیەوێت پڕوپاگەندەی ئەوە بکات بارزانییەکان لە شەڕی سۆفیان شکستیان هێناوە، چونکە پێش هەموو شتێک، ئەو تەنها ڕۆژنامەنووسێک بوو دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگەیان پێدابوو ڕووماڵی ڕووداوەکان بکات، بە جۆرێک زۆربەی کات هێزەکانی ئێران بە سەرکەوتوو نیشان دەدات و بارزانییەکان بە شکستهێناوو وێنا دەکات، نموونەی ئەم لایەنگرییە لە شەڕی سۆفیان دەرکەوت، کە تێیدا نەقیب قەرەباغی و ژمارەیەک سەرباز کوژران، ئەو ئەم شکستە دەگۆڕێت بۆ سەرکەوتنێک کە ١٦ پێشمەرگەی بارزانی تێیدا شەهید بوون و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لە ڕاستیدا هیچ بنەمایەکی نییە جگە لە درۆ، چونکە کاتێک شەڕی سۆفیان هەڵگیرسا وەک ئاماژەی پێکرا، بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بارانبارین، سوپای ئێران نەیتوانی لە شوێنی خۆی بجووڵێت، هەر ئەم هۆکارەش بووە هۆی سەرکەوتنی بارزانییەکان.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەنووس پسیانی باس لە سوودوەرگرتن لە هێزی ئاسمانی لەم شەڕەدا دەکات، کە دەتوانین بڵێین هیچ نەبوو جگە لە پڕوپاگەندە بۆ هێزەکانی سوپای ئێران، چونکە ئەو فڕۆکانەی لە بەردەستی هێزی ئاسمانی ئێراندا بوون ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوون لە کەشوهەوای خراپدا بفڕن و ئامانجەکانیان لە ناوچەیەکی شاخاویدا بپێکن، لە لایەکی دیکەوە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی ئێرانی نییە، تەنانەت ناوەندی سوپای ئێرانیش لەو کتێبەی لە سەردەمی پەهلەویدا نووسراوە بە ناونیشانی (تاریخ پنجاه ساله نیروی زمینی شاهنشاهی ایران - مێژووی پەنجا ساڵەی هێزی زەمینی شایەنشایی ئێران)، هۆکاری شکستی هێزەکانی نەقیب قەرەباغی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە کەشوهەوای ناوچەکە بۆ هێرشکردن خراپ بووە، و بە هیچ شێوەیەک باسی وەرگرتنی هاوکاری لە هێزی ئاسمانی ناکات.

سەرچاوەکان: 

١- نەجەفقولی پسیان، ئاز مەهاباد خوونین تا کەرانەی ئاراس، (شرکەتی سەهامی چاپ- تاران- ١٣٢٨).

٢- عەلائەدین سەجادی، شۆڕشەکانی کورد، (چاپخانەی مەعارف- بەغدا- ١٩٥٩).

٣- سپەهبد محەمەد کازمی، سەرهەنگ ٢ی ستاد مەنوچەهر ئەلبورز، تاریخ پنجاه سالەی نیروی زمینی شاهنشاهی ایران، تاران، ٢٥٣٥.