دۆخی حزب پێش کۆنگرە

جەلال تاڵەبانی لە ساڵی ١٩٥٥ وەک نوێنەری یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوی لاوانی دیموکراتی عێراقی سەر بە حزبی شیوعی عێراق بەشداری لە کۆنگرەی لاوانی جیهانی لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا کرد. دوای بانگهێشتکردنی بەرەو پەکینی پایتەختی چین بەڕێکەوت بەمەبەستی بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی لاوان. لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا بە یەکێتی سۆڤیەتدا، جەلال تاڵەبانی توانی دووجار لە مۆسکۆی پایتەخت بە تەلەفۆن پەیوەندی بە مستەفا بارزانییەوە بکات سەبارەت بە حزب و بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی.

پێشتر بارزانی لە ڕێگەی نامەیەکەوە لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە لە کێشە و دۆخی حزب ئاگادار کرابووەوە، لەو پەیوەندییانەدا سەرۆک بارزانی داوای کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان حەمزە عەبدوڵڵا و ئیبراهیم ئەحمەدی کرد بۆ ئەوەی یەکیان بخاتەوە.

بەپێی داوای مستەفا بارزانی، چەندین کۆبوونەوە لە نێوان حەمزە عەبدوڵڵا و ئیبراهیم ئەحمەد ڕێکخرا بۆ یەکخستن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان. لە کۆتاییدا بەیاننامەیەک لەلایەن باڵی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کورد، کە حەمزە عەبدوڵڵا سەرۆکایەتی دەکرد، دەرچوو بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی خۆی و گەڕانەوە بۆ ڕیزەکانی پارتی.

دوای گەڕانەوەی باڵی حەمزە عەبدوڵڵا بۆ ناو پارتی لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٦، کۆمەڵێک مارکسی کوردی ئەندامی حزبی شیوعی عێراق دوای زنجیرەیەک دانوستان بە مەرجێک چوونە ڕیزەکانی پارتییەوە. بە گەڕانەوەی باڵی حەمزە عەبدوڵڵا و پەیوەستبوونی کۆمەڵێک ئەندامی کورد لە حزبی شیوعی عێراق، کە دیارترینیان نەژاد ئەحمەد عەزیز و خەسرەو تۆفیق فەتحوڵڵا بوون، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا ناوی حزب لە (پارتی دیموكراتی كوردستان- عێراق) گۆڕدرا بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستانی یەکگرتوو) و سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ حزب دیاریکرا، بێگومان ئەم گۆڕانکارییانە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب بوون و دەبوو لە کۆنگرە یان کۆنفرانسێکی گشتیدا پەسەند بکرێن.

کۆمیتەی ناوەندی نوێ پێکهاتبوو لە:

١- ئیبراهیم ئەحمەد سکرتێری گشتی

٢- حەمزە عەبدوڵڵا

٣- عەلی عەبدوڵڵا

٤- نوری ئەحمەد تەها

٥- عومەر مستەفا

٦- جەلال تاڵەبانی

٧- حەبیب محەمەد کەریم

٨- نەژاد ئەحمەد عەزیز

٩- خەسرەو تۆفیق فەتحوڵڵا

دواتر مەکتەبی سیاسی لە چوار ئەندام پێکهات کە بریتی بوون لە: ئیبراهیم ئەحمەد، عومەر مستەفا، حەمزە عەبدوڵڵا و جەلال تاڵەبانی..

بەهۆی ئەم یەکگرتنەوە، گۆڕانکاری بەسەر زمانحاڵی پارتیدا هات، بە جۆرێک بڵاوکراوەی زمانحاڵی پارتی بە ناوی (خەباتی کوردستان) چاپ و بڵاوکرایەوە.

دوای ئەم گۆڕانکارییانە، لە ساڵی ١٩٥٧، سەرکردایەتی لقی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق، کە پێکهاتبوو لە ساڵح حەیدەری، حەمید عوسمان، کەمال فوئاد، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت کورد هەموویان لە حزبێکی یەکگرتوودا کۆببنەوە. لقی کوردستانی حزبی شیوعی خۆیان هەڵوەشاندەوە و چوونە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی یەکگرتوو، بەمەش گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی حزبدا جارێکی دیکە ڕوویدا و ساڵح حەیدەری و حەمید عوسمان بۆ کۆمیتەی ناوەندی زیادکران. مەکتەبی سیاسی لە ئیبراهیم ئەحمەد، ساڵح حەیدەری، حەمزە عەبدوڵڵا، حەمید عوسمان و جەلال تاڵەبانی پێکهات.

دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨، سیستەمی پاشایەتی کۆتایی هات و سیستەمی کۆماری جێگەی گرتەوە، کۆماری عێراق چووە قۆناغێکی نوێوە و چەندین گۆڕانکاری گرنگ ڕوویدا. کۆماری عێراق لە ٢٤ی ئازاری ١٩٥٩ لە پەیمانی بەغدا و لە ٣٠ی ئایاری هەمان ساڵ لە ڕێککەوتننامەی ئەنگلۆ-عێراقی کشایەوە، لە ٤ی نیسانی ١٩٥٩ دوا یەکەی سەربازی سوپای بەریتانیا لە عێراق کشانەوە، لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا کۆماری عێراق لە ناوچەی پاوەندی ستەرلینگی دەرچوو.

شۆڕشی ١٤ی تەمموز و دوای شۆڕش کەشێکی لەباری بۆ ڕێکخراوە نهێنییەکان دروستکرد، حزب دەستی بە ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان کرد، گەڕانەوەی مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی لە یەکێتی سۆڤیەت لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر جۆشدانی جەماوەر و پەیوەستبوون بە پارتی هەبوو.

زاڵبوونی شیوعییەکان لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم کاریگەری لەسەر پارتی هەبوو و بووە هۆی لێکترازانی بە شێوەیەکی هێواش، بەتایبەتی لە ڕێگەی کادرەکانی حزبی شیوعی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا چوونە ڕیزەکانی پارتییەوە. پەیوەستبوونی شیوعییەکان بە ڕیزەکانی پارتی و کاریگەرییان لەسەر حەمزە عەبدوڵڵا زوو بووە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی حزب.

لە هەنگاوی یەکەمدا، ئیبراهیم ئەحمەد بە تۆمەتی ڕاستڕەوی لە کارەکەی دوورخرایەوە و حەمزە عەبدوڵڵا لە شوێنی ئەو وەک سکرتێری حزب دانرا، جەلال تاڵەبانیش کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو بە هەمان هۆکار دوورخرایەوە. پەیوەندییەکی نهێنی لە نێوان مەکتەبی سیاسی و حزبی شیوعی دروست بوو، بە جۆرێک پارتی بوو بە لقێکی حزبی شیوعی، ئەم پشتیوانییە بۆ حزبی شیوعی بە هێواشی بۆ بنکە و ئەندامانی حزب درێژ بووەوە، لەسەر ئەم دۆخە مستەفا بارزانی چەندین سکاڵای لە ڕێکخراوە حزبییەکان و ئەندامانی حزبەوە پێگەیشت و داوای لێکرا بەپەلە کۆنگرە ببەستێت بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان. لە بەرامبەردا مەکتەبی سیاسی بەردەوام بەربەستی بۆ بەستنی کۆنگرە دروست دەکرد و هەوڵی دواخستنی دەدا.

بەستنی کۆنگرە

بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە کێشەکان و بنبڕکردنیان، مستەفا بارزانی داوای کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرد، لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٥٩ کۆمیتەی ناوەندی حزب بە تەواوی ئەندامەکانییەوە لە ماڵی مستەفا بارزانی لە شاری به‌غدا کۆبوونەوە بەبێ ئامادەبوونی سکرتێری حزب و مەکتەبی سیاسی، دوای کۆبوونەوەکە کۆمیتەی ناوەندی بڕیاریدا ئەندامێتی سکرتێری حزب حەمزە عەبدوڵڵا و هەریەکە لە خەسرەو تۆفیق، نەژاد ئەحمەد، ساڵح ڕەشدی، حەمید عوسمان و ساڵح حەیدەری هەڵپەسێرێت، هەروەها بڕیاردرا ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی چوارمی پارتی بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش کمیسیۆنێکی ئامادەکاری پێکهێنرا.

دوای ئامادەکارییە تەواوەکان، کۆنگرە لە ٤ تا ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٩ بە ئامادەبوونی ١٢٠ نوێنەر لە ماڵی کاکە زیاد کوێی بەسترا، کۆبوونەوەکە بە ئاشکرا و لە کەشێکی هێمن و ئاشتیانەدا بەڕێوەچوو، لە کۆنگرەکەدا بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی نوێ پەسەند کرا و چەند بڕیارێک درا، لە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

• دەرکردنی سەرۆکی تەکەتولەکان لە حزب.

• پارتی گەڕایەوە سەر ڕێڕەوی نیشتمانی بنەڕەتی، چونکە زیاتر سوودی لە مارکسیزم وەرگرت نەک ئەوەی پەیڕەوی بکات.

• گۆڕینی ناوی پارتی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق.

• بۆ یەکەمجار بڕیاردرا کۆمیتەی باڵای چاودێری و پشکنین دابمەزرێت.

مستەفا بارزانی بۆ یەکەمجار بەشداری کۆنگرەی پارتی کرد و بە ئامادەبوونی خۆی بە سەرۆکی حزب هەڵبژێردرایەوە، لە کۆتاییدا سەرکردایەتییەکی نوێ لەلایەن مندووبی کۆنگره هەڵبژێردران، ئەوانیش:

١- مستەفا بارزانی سەرۆک

٢- ئیبراهیم ئەحمەد سکرتێر

٣- نوری شاوەیس

٤- عەلی عەبدوڵڵا

٥- عومەر مستەفا

٦- جەلال شوان (مامۆستا جەلال عەبدولڕەحمان ئەمین)

٧- ئەحمەد ئامێدی (ئەحمەد عەبدوڵڵا محەمەد)

٨- عەونی یوسف

٩- سەید عەزیز شەمزینی (عەزیز عەبدوڵڵا عەبدولقادر)

١٠- نوری ئەحمەد تەها

١١- دکتۆر موراد عەزیز (موراد ڕەزم ئاوەر)

١٢- مەلا ماتۆر (عەبدوڵڵا ئیسماعیل ئەحمەد)

١٣- جەلال تاڵەبانی

هەروەها نوعمان عیسا وەک ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

بۆ یەکەمجار کۆمیتەی باڵای چاودێری و پشکنین پێکهێنرا و لە پێنج ئەندام پێکهات: شەمسەدین موفتی، حەبیب محەمەد کەریم، عەلی عەسکەری، یدوڵڵا فەیلی، و زەکیە ئیسماعیل حەقی میرزا.

لە کۆنگرەکەدا هەریەکە لە: حەمزە عەبدوڵڵا، حەمید عوسمان، ساڵح حەیدەری، نەژاد ئەحمەد عەزیز ئاغا، خەسرەو تۆفیق فەتحوڵڵا، حەمە کەریم فەتحوڵڵا و ساڵح ڕەشدی و لایەنگرانیان لە ڕیزەکانی حزب دەرکران.

سەرچاوەکان

١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی، ١٩٥٨-١٩٦١، بەرگی دووەم،(٢٠١٢).

٢- نامەی جەلال تاڵەبانی بۆ هاوسەنگەر ڕێبەر مستەفا بارزانی (٣٠/٧/١٩٥٧) مەسعود بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی، ١٩٣١-١٩٥٨، بەرگی یەکەم،(هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ٢٠٠٤)، بەڵگەنامەی ژمارە ٨.

٣- حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (لە وێستگە سەرەکییەکاندا) ١٩٤٦ - ١٩٩٣، (دهۆک – چاپخانەی خەبات – ١٩٩٨ز).

٤- عەلی عەبدوڵڵا، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق تا بەستنی کۆنگرەی سێیەم (شوێن نادیارە - ١٩٦٨ز).

٥- سەڵاح ڕەشید، مام جەلال دیداری تەمەن لە گەنجییەوە بۆ کۆشکی کۆماری (سلێمانی - چاپخانەی کاردۆ – ٢٠١٧).

٦- دکتۆر شێرکۆ فەتحوڵڵا عومەر، پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد ١٩٤٦-١٩٥٧، و سوارە قەڵادزەیی (چاپخانەی شەهید ئازاد هەورامی - ٢٠١٣).