ژیاننامە

ئیبراهیم حەسەن ئیبراهیم ناسراو بە (برایم حەسەن) پێشمه‌رگه و هاوسەنگەری مستەفا بارزانی بوو بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩١٠ لە گوندی بێبێل لەدایکبووە، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول-ی کردووە، و پلەی (سەرپەل - فەرماندەی فەسڵ)ی لە ڕیزەکانی پێشمه‌رگه وەرگرتووە، ساڵی ١٩٦١ لە چیای قەلەندەر شەهید بووە.

لاپەڕە مێژووییەکان

برایم حەسەن ساڵی ١٩١٠ لە گوندی بێبێل-ی سەر بە ناحیەی کۆرتۆ لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، پێش ئەوەی بچێتە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ گوڵ خدر هاوسەرگیری کردووە و کوڕێکیان بە ناوی (حوسێن برایم) لەدایکبووی ١٩٤١ و کچێکیان بە ناوی (حەلیمە برایم) لەدایکبووی ١٩٤٢ هەبووە.   

لاپەڕە مێژووییەکان

یەکێک بووە لەو کەسانەی یاوەری جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بووە و لە ڕێکەوتی ١٥/٥/١٩٤٧ لە کۆبوونەوەی گوندی ئەرکوش ئامادە بووە کاتێک سەرپشکی کردوون لە نێوان مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ هەموو هاوسەنگەرانی بڕیاریان داوە بەردەوام بن و ڕوو بکەنە یەکێتی سۆڤیەت، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بووە بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کردووە، و دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراس پەڕیوەتەوە، کە دەکەوێتە سەر سنوور-ی نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و سەرجەم هاوسەنگەرانی لە شاری نەخچەوانی ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا دەستبەسەر کراون کە بە تێلی دڕکاوی دەورە درابوو و سەربازەکان پاسەوانییان دەکردن، و لە ڕووی خۆراک و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، و بە بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت دواتر دابەش کراون بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواستراونەتەوە بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە پایتەختی کۆماری ئازەربایجان باکۆ، و لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازی-یان وەرگرتووە، و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕاهێنانی سەربازی-یان پێکراوە، و لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردی-یان پێ گوتراوە.

دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک پایتەختی ئۆزبەکستان تاشکەند، لەوێ بەردەوام بوون لە ڕاهێنانی سەربازی.

لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر دابەش کران بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکوومەتیان بە کرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان لێ دەدا بە حکوومەت) کاریان کرد.

دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانی-یەوە بۆ ستالین، ستالین لە کۆتاییدا نامەیەکی پێ گەیشت کە بارزانی تێیدا باسی ئازاری هاوسەنگەرانی کردبوو، و دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆن-ێک پێک بهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی، و بڕیاری کۆتایی کمیسیۆن-ەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆ بکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ ڕووی کردە شاری فریفیسکی سۆڤیەت.

دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ لێبوردنی گشتی دەیگرێتەوە ئەو و هاوسەنگەرانی بەپێی ماددەکانی (٣) و (٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراوی ساڵی ١٩٥٩.

لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتییەک بە ناوی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری عراق گەڕایەوە کوردستان. بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٦١ کرد، و پلەی (سەرپەل - فەرماندەی فەسڵ)ی هەبوو و لە هەمان ساڵدا لە چیای قەلەندەر شەهید بووە.

سەرچاوەکان:

حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤)

  1. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ ڕۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا، چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری - ١٩٩٧).
  2. مه‌سعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
  3. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
  4. دەقی بڕیاری کمیسیۆن-ی لێبوردنی گشتی بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ شەهیدانی شۆڕشی بارزان، گۆڤاری ڕزگاری، ژمارە ٣،٢، چاپخانەی ڕابیتە، شاری به‌غدا، ١ی نیسانی ١٩٥٩.