ژیاننامە 

ئاراس حەسۆ میرخان لە ساڵی ١٩٦٨ لە سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٩٣ بڕوانامەی بەکالۆریۆس، لە ساڵی ١٩٩٦ بڕوانامەی ماستەر و لە ساڵی ١٩٩٨ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی ئەسفەهان لە ئێران بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ بڕوانامەی ماستەری لە بەڕێوەبردن لە زانکۆی لوبنانی-فەرەنسی لە هەولێر بەدەستهێناوە. لە ساڵانی ٢٠٠٠-٢٠٠١ لە کابینەی چوارەم بووە بە بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمه‌رگه و لە ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠١١ بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی و ئینگلیزی دەزانێت.

مێژووی خەبات 

 ئاراس حەسۆ میرخان لە ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ خێزانەکەی لە ئێران کۆچبەر بووە. لە ساڵی ١٩٨٢ پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان کردووە و لە ساڵی ١٩٨٨ پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه کردووە و بەشداری لە داستان و شەڕی خواکورک کردووە.

لە ساڵی ١٩٩٥ بووە بە فەرماندەی فەوجی شەهید عەلی حەسۆ و لە شەڕی بەرگری قەسرێ لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر بریندار بووە. لە ساڵی ١٩٩٧ بۆ جاری دووەم لە شەڕی بەرگری لە هەرێمی کوردستان لە ناوچەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بریندار بووە. لە ساڵی ٢٠١٤ بەشداری لە شەڕی دژی هێزەکانی داعش لە میحوەری گوێڕ-مەخموور لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر کردووە.

لە ماوەی کارکردنی لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتی وەرگرتووە، وەک، بەرپرسی کۆمیتەی زانکۆی مەکتەبی سیاسی لە نێوان قوتابیانی کۆچبەر لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ئێران (١٩٩٠)، جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پێشمه‌رگه (١٩٩٨-٢٠٠٠)، ئەندامی ئۆفیسی سەرۆکایەتی (٢٠٠٠-٢٠١٠)، بەرپرسی لقی شازدەی دەوروبەری هەولێر (٢٠١١-٢٠١٧). بەرپرسی دەستەی وەبەرهێنانی حزب (٢٠٢٠) و ... هتد.

نوێنەری کۆنگرەی یازدەهەم (١٩٩٣) و دوازدەهەم (١٩٩٩) بووە، لە ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەهەمدا وەک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەهەمدا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە.

سەرچاوەکان: