وەک ئەنجامی ڕێککەوتنی جەزائیر لە ٦ی ئاداری ١٩٧٥ لە نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق، بە فەرمانی سەرکردە مستەفا بارزانی شۆڕشی چەکداری (شۆڕشی ئەیلوول) لە باشووری کوردستان دوای کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە حاجی ئۆمەران لە ١٨ی ئاداری ١٩٧٥ وەستا. لەگەڵ کۆتاییهاتنی شۆڕش و دوای ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی شای ئێران، زۆربەی سەرکردەکانی حیزب و ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە و هاووڵاتییانی سڤیل لە باشووری کوردستانەوە پەنایان بۆ ئێران برد. بەمەش بە کردەیی نزیکەی هەموو ڕێکخستن و دامەزراوەکانی پارتی هەڵوەشایەوە، لەوانەش سەرکردایەتیی حیزب لە باشووری کوردستان. دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر پەنابەریکردن بۆ ئێران، لەپێناو ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزب، سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی لە ١٥ی نیسانی ١٩٧٥ لە سەر کانییەکی دەرەوەی شاری نەغەدە بە ناوی (حەوت چەشمە) بە نهێنی لەگەڵ هەریەکە لە جەوهەر نامیق، کەریم سنجاری، عارف تەیفوور و محەمەد ڕەزا کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری ڕێکخستنەوەی ڕێکخستنەکانی پارتی درا، دوای ئەوە و لە سەرەتای تشرینی دووەمی ١٩٧٥، لە ماوەی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە کەرەج بڕیاری پێکهێنانی سەرکردایەتییەکی نوێ لە ئەندامانی کۆنی کۆمیتەی ناوەندی و کادرە گەنجەکانی حیزب درا بۆ ئەوەی جێگەی سەرکردایەتییە کۆنەکەی حیزب بگرێتەوە. بەیاننامەیەک ئامادە کرا و لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٥ بە ناوی (سەرکردایەتیی کاتی) بڵاوکرایەوە. ژمارەی ئەندامانی هەڵبژێردراو بۆ ئەم سەرکردایەتییە کاتییە لە یازدە ئەندام پێکهاتبوون کە ئەمانە بوون: مەسعود بارزانی، ئیدریس بارزانی، سامی عەبدولڕەحمان، جەوهەر نامیق، کەریم سنجاری، عارف تەیفوور، محەمەد ڕەزا، ئازاد بەرواری، نووری شاوێس، عەلی عەبدوڵڵا و کەمال کەرکوکی.
بۆ مەبەستی سەلماندنی ناوی ئەندامانی سەرکردایەتیی کاتیی حیزب پێویست بوو کۆنفرانسێک ببەسترێت، چونکە بەپێی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی بڕیارلێدراو لە کۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵی ١٩٧٠ لە ناوپردان، دەبوو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە ناو کۆنگرەدا هەڵبژێردرێن. ئەگەر بارودۆخەکە بۆ بەستنی کۆنگرە نەگونجاو بوو، ئەوا حیزب بۆی هەیە کۆنفرانس ببەستێت لە هەر کوێیەک بێت، بە مەرجێک یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پێشوو سەرپەرشتی بکات. لەبەر ئەوەی دۆخی پارتی و ناوچەکە لەو کاتەدا ڕێگەی نەدەدا کۆنگرە ببەسترێت، سەرکردایەتیی حیزب بڕیاری بەستنی کۆنفرانسێکی بەرفراوانی لە ئەورووپا دا.
بە هەوڵی لقی شەشی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوینی ١٩٧٦ سنووری ئەورووپا بە ڕووی کۆچبەرانی کورددا کرایەوە، دوای ئەوەی هەریەکە لە نەمسا و هۆڵەندا ئامادەییی خۆیان بۆ وەرگرتنی ژمارەیەک کورد وەک کۆچبەر دەربڕی، لەلایەن نووسینگەی پەیوەندییەکانی پارتی لە تاران ژمارەیەک کۆچبەر، لەوانەش ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی نوێ بۆ ئەورووپا نێردران، دوای گەیشتنیان لەلایەن لقی شەش لە ئەورووپا ڕێکخرانەوە و بەشێکی زۆریان بەسەر ڕێکخستنەکانی حیزبدا دابەش کران. بەم شێوەیە دۆخی حیزب لە ئەورووپا باشتر بوو، لە ٢٦ی ئایاری ١٩٧٦ سامی عەبدولڕەحمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە لەندەن ڕایگەیاند کە شۆڕشی چەکداری لە باشووری کوردستان (شۆڕشی گوڵان) دەستی پێکردووەتەوە. لە هەمان کاتدا سەرکردایەتیی پارتی بڕیاری بەستنی کۆنفرانسی حیزبی لە ئەورووپا دا.
ئامادەکارییەکان بۆ کۆنفرانسئامادەکارییەکان لەلایەن لقی شەشی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەورووپا بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە ئەنجام درا، و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بارەگای لقەکە لە بەرلینی ڕۆژئاوا بوو، ئەو شارە وەک شوێنی بەستنی کۆنفرانسەکە دیاری کرا. دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان داوا لە لێژنە ناوچەیییەکانی ئەورووپا کرا نوێنەرەکانیان بۆ بەرلین بنێرن، کە بۆ هەر لێژنەیەکی ناوچەیی لانیکەم دوو نوێنەر دیاری کرا، و لێژنە ناوچەیییەکان لە نێوان خۆیاندا ئەندامێکیان بە دەنگدان هەڵبژارد، لەگەڵ بەرپرسی لێژنە ناوچەییەکە کە ڕاستەوخۆ دەچووە کۆنفرانسەکە و بە ڕاپۆرتێکەوە گەیشتنە بەرلین، هۆڵی زانکۆی بەرلین بۆ بەستنی کۆبوونەوەکانی کۆنفرانسەکە بە کرێ گیرا، و لێژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانس پێکهێنرا و هەریەکە لە: سامی عەبدولڕەحمان، نووری شاوێس، حەمە ڕەزا و عارف تەیفووری لەخۆ دەگرت.
کۆنفرانسەکە کۆبوونەوەکانی بە سەرۆکایەتیی سامی عەبدولڕەحمان و لێژنەی ڕێکخەر لە ١١ی ئابی ١٩٧٦ دەستی پێکرد، ژمارەی ئەندامانی لێژنە ناوچەیییەکانی لقی شەش لە ئەورووپا گەیشتە چل ئەندام، بەڵام کۆی گشتیی ئەو ئەندامانەی بەشداریی کۆنفرانسەکەیان کرد بە ئەندامانی سەرکردایەتیی کاتی و کادرە نوێیەکانیشەوە کە تازە گەیشتبوونە ئەورووپا و میوانان لەوانەش عیسمەت شەریف وانلی، ژمارەیان گەیشتە ٤٨-٥٠ ئەندام، لەوانە تاریق ئاکرەیی (بەرپرسی لقی شەش)، عەزیز شێخ ڕەزا، سیامەند بێنا، ڕەمزی شەعبان، د. بێرووت، حەمید ئاکرەیی، پۆڵا مەغدید قەساب کۆیی، محەمەدساڵح جومعە، فەوزی ئەسعەد، محەمەد مێسۆ، جەمال عەلەمدار، د. عومەر ئورماری، فەرهاد سۆفی (فەرهاد جەبرائیل)، تۆفیق فەیلی، ماجید فەیلی، عیزەدین بەرواری، عەبدولقادر بەرواری، عەبدولسەلام بەرواری، فایەق نێروەیی، محەمەد ئەمین دەلۆیی، ئازاد محەمەد خەفاف، وەریا ساعاتی، عەبدولڕەحمان بێداوی، غازی زێباری، محەمەد حەسەن عەونەت، د. سەباح مەریوانی و ... هتد.
بەستنی کۆنفرانسکارەکانی کۆنفرانس لە ١١ تا ١٦ی ئاب بەردەوام بوو، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سامی عەبدولڕەحمان ڕەشنووسی کورتەنامەیەکی هەشتا لاپەڕەیی سەرکردایەتیی کاتیی بۆ کۆنفرانسەکە خوێندەوە بە ناونیشانی (ڕێبازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)، کە لەلایەن لێژنەی سەرپەرشتیار و بەتایبەت لەلایەن سامی عەبدولڕەحمان و نووری شاوێسەوە ئامادە کرابوو، کورتەنامەیەکی ڕەخنەیی بوو دەربارەی شۆڕشی ئەیلوول و سەرکردایەتییەکەی، لەژێر کاریگەریی بیری چەپی مارکسیی توندڕەودا نووسرابوو، کورتەنامەکە لەلایەن ئەندامانی کۆنفرانسەوە تاوتوێ کرا و پاشان دەنگی لەسەر درا. بڕگەی دووەمی ئەرکەکانی کۆنفرانس سەلماندنی ناوی یازدە ئەندامەکەی سەرکردایەتیی کاتی بوو کە پێشتر وەک ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرابوون. لەگەڵ زیادکردنی چوار ئەندامی دیکە، مەرج بوو ئەو چوار ئەندامە هەڵبژێردراوە نوێیەی سەرکردایەتیی کاتی بگەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان، دوای ڕاگەیاندنی ناوەکانیان و دەنگدان لەسەریان، هەریەکە لە: وەریا ساعاتی، دلشاد میران، ئازاد خەفاف و عەبدولڕەحمان بێداوی وەک ئەندامی نوێی سەرکردایەتیی کاتی هەڵبژێردران و بۆ لیستی ئەندامانی سەرکردایەتیی کاتی زیاد کران، بەمەش ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیی کاتی بوو بە ١٥ ئەندام کە بە شێوەیەکی قانونی سەلمێنران.
پاڵ کار و ئەرکەکانی، چەند بڕیارێکی سیاسی لە کۆنفرانسی بەرلین دەرکرا، لەوانە هەڵبژاردنەوەی سەرکردە مستەفا بارزانی وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی ئامادەکاری بوو بۆ کۆنگرەی نۆیەمی پارتی.
دوای تەواوبوونی کار و ئەرکەکانی سەرکردایەتیی کاتی و هەڵبژاردنی ئەندامە نوێیەکان و سەلماندنیان، کۆنفرانسەکە لەلایەن لقی شەشەوە بەردەوام بوو، دوای ناوهێنانی کاندیدەکان بڕیار درا دەنگدان ئەنجام بدرێت بۆ هەڵبژاردنی دوو ئەندامی کارا بۆ لێژنەیەک لە ناو لقی شەش لە ئەورووپا. وەک ئەنجامی دەنگدانەکە تاریق ئاکرەیی وەک بەرپرسی لقەکە دووبارە دیاری کرایەوە و سیامەند بێنا و عەبدولسەلام بەرواری وەک دوو ئەندامی کارای لقەکە هەڵبژێردران. هەروەها هەریەکە لە جەرجیس حەسەن و حەمید عەقراوی بۆ دەستەی کارای لقەکە زیاد کران.
کارەکانی کۆنفرانسەکە شەش ڕۆژی خایاند و لە ١٦ی ئابی ١٩٧٦ کۆتایی هات، کە هاوکاتە لەگەڵ هەمان ڕێکەوتی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان. بەو بۆنەیەوە ئاهەنگێکی بچووک سازکرا، پاشان لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە بۆ ئەندامان و بەشداربووانی خوێندرایەوە. بەهۆی هەستیاریی بارودۆخی سیاسیی ئەو کاتەوە، هیچ بەیاننامەیەکی کۆتایی بۆ کۆنفرانسەکە دەرنەکرا. کورتەنامەیەک بە ناونیشانی (ڕێبازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد) دەرچوو، و دواتر کورتەنامەکە پەسەندکرا، وەک ڕاپۆرتی سیاسیی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ١١-١٥ی ئابی ١٩٧٦ دەرچووبوو.
سەرچاوەکان* فاروق محەمەد محەمەدئەمین، سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان (١٩٧٥-١٩٨٩)، (سلێمانی، چاپخانەی ڕێنوی – ٢٠١٤).
* مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفرانس (بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ)، دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆکسانا - ٢٠٢١).
* سەڵاح خەرسان، تەیارە سیاسییەکان لە کوردستانی عێراق، خوێندنەوەیەک لە دۆسیەی بزووتنەوە و پارتییەکان کوردییەکان لە عێراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بەیروت – چاپخانەی بەلاغ – ٢٠٠١ز).
* کریس کۆچرا، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، وەرگێڕانی: ئیبراهیم یوونسی، چاپی دووەم، (تاران- دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی نیگاه- ١٣٧٧).
* کۆنفرانسی سەرانی ئۆپێک بە ئاگاداریی بۆمەدین بۆ ڕۆژئاوا پێکهات، ڕۆژنامەی ئیتیلاعات، ژمارە ١٤٦٥١، چوارشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٣٥٣.
* عومەر عوسمان، ژینگەی کوردی، (هەولێر، چاپخانەی حاجی هاشم، ٢٠٠٥).
* د. عەلی تەتەر نێروەیی، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە کوردستانی عێراق لە ساڵانی شەڕی عێراق و ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨)، چاپی یەکەم، (هەولێر- چاپخانەی حاجی هاشم -٢٠٠٨).
* ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی "کۆنگرەی هەشتەم" (١٩٧٠)، بەشی چوارەم (ڕێکخراوە حیزبییەکان – ئەرک و دەسەڵاتەکانیان)، مادەی حەڤدەهەم – کۆمیتەی ناوەندی، بڕگەی ٢.
* حامید کۆهەری، ئیدریس مستەفا بارزانی و بارزانییەکان کە باشتر دەیناسین، مێژووی زارەکی، (ستۆکهۆڵم ٢٠١٤).
* محەمەد مەلا قادر، تۆماری خەبات، مێژوویەکی کورتی پارتی و بارزانی نەمر، چاپی سێیەم، (هەولێر، چاپخانەی ئاراس، ٢٠١٢).
* ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیا، چاوپێکەوتن لەگەڵ کەریم سنجاری، (هەولێر - ٢٩/ ١/ ٢٠١٧).
* ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیا، چاوپێکەوتن لەگەڵ عارف تەیفوور، (خازر - ١١/١٢/٢٠١٦).
* ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیا، چاوپێکەوتن لەگەڵ مەلازم یوونس ڕۆژبەیانی، ١٤/٨/٢٠١٦
* ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیا، چاوپێکەوتن لەگەڵ تاریق ئاکرەیی، (هەولێر - ٢٠١٧).
* ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیا، چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدولسەلام بەرواری، (هەولێر – ٢٠١٧).
* پارتی دیموکراتی کوردستان- سەرکردایەتیی کاتی، ڕێبازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، هەڵسەنگاندنی شۆڕشی ئەیلوول و بەرنامەی نوێی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاپۆرتی سیاسیی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لەلایەن کۆنفرانسی پارتییەوە لە (١١-١٥)ی ئابی ١٩٧٦ پەسەندکرا.


