دۆخ و ئامادەکارییەکان

لە ٢ی ئابی ١٩٩٠ سوپای عێراق کوەیتی داگیر کرد و ئەم داگیرکارییە ھێزەکانی ھاوپەیمانانی ھێنایە سەر ھێڵ و لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ سوپای عێراق لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە لە کوەیت دەرکرا و بە شێوەیەکی توند تێکشکێنرا، ئەم تێکشکانی سوپای عێراقە ژینگەیەکی گونجاوی بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق دروست کرد. لەم قۆناغەدا سەرکردایەتیی بەرەی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراقی لە ناوخۆی عێراق دەستیان بە جووڵەی سیاسی و سەربازی کرد.

لەو چوارچێوەیەدا سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) چەندین کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجام دا، لەوانە کۆبوونەوەی سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی ١٩٩١، کە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆن و نوێ، کە نزیکەی پەنجا ئەندام بوون، تێیدا بەشدار بوون، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو خاکی کوردستان ئامادەکاری بکرێت و پاشان ڕاپەڕینێکی گشتی ئەنجام بدرێت، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەرکەکان بە فەرماندەیی مەسعود بارزانی دابەش کران و ھێزەکان بەسەر سێ باڵدا دابەش کران: باڵی ھەولێر، باڵی دھۆک، باڵی مووسڵ، باڵی سلێمانی و کەرکووک، پاش ھەموو ئامادەکارییەکان، ڕاپەڕینی کوردستان لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ دەستی پێ کرد و ھەتا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ ھەموو ناوچەکانی کوردستان لە دەستی ڕژێم ڕزگار کران.

دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ی دژی ڕژێمی عێراق و کۆڕەوی خەڵکی باشووری کوردستان و دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆمیتەی ناوەندی لە کۆبوونەوەی مانگی ئازاردا بڕیاری بەستنی کۆنگرەی یازدەیەمینی پارتی دا، بۆ ئەم مەبەستە کۆمیتەیەکی ئامادەکاری دامەزرا کە لە محەمەد مەلا قادر، فڕانسۆ ھەریری، ڕەمزی شەعبان، خورشید شێرە، نەجمەدین یوسفی، شێخەڵڵا ئیبراھیم، بارزان مەلا خالید، کەمال حەسەن، نەجات حەسەن، حەبیب کەلاش و ئیجرا سەعید پێکھاتبوو، لە حوزەیرانی ١٩٩٣ زۆربەی ئامادەکارییەکانی کۆنگرە تەواو بوون و ئەندامانی کۆنگرە ھەڵبژێردران، سێ پارت بڕیاریان دا کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) یەکبگرن: پارتی یەکگرتنی کوردستان (حیزبی سۆسیالیستی کوردستان - پاسۆک - پارتی گەل)، یەکێتیی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کوردانی فەیلیی موسڵمان. ناونیشانی (یەکگرتوو) بۆ جاری دووەم بە گۆڕانکاریی سووکەوە ناوی بوو بە پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو.

بەڕێوەچوونی کۆنگرە

لە ڕۆژی ١٦ ھەتا ٢٦ی ئابی ١٩٩٣، بە بەشداریی ٢ ھەزار و ١٦٧ ئەندام، کۆنگرەی یازدەیەمین لە ھۆڵی زەردی شاری ھەولێر، پایتەختی ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو، بۆ یەکەمین جاریش بوو ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان بە ١٢٤ ئەندامەوە بەشداریی کۆنگرەیان کرد، ھەواڵەکانی ئەم کۆنگرەیە ڕۆژانە لە میدیاکاندا بڵاو دەکرانەوە.

کۆنگرە بە درووشمی (ئاشتی، ئازادی و دیموکراتی) بەڕێوەچوو، ڕاپۆرتی سیاسی لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی خوێنرایەوە، ھەروەھا لە بەرنامە و ڕێبازەکاندا گۆڕانکاریی فراوان بەپێی دۆخی نوێ کران، ھەروەھا لە کۆنگرەدا چەند بڕیارێک دەرکران کە گرنگترینیان ئەوە بوو کە تەرمی نەمر بارزانی و ئیدریس بارزانی بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەوەی لە بارزان بەخاک بسپێردرێن، ھەروەھا بڕیار درا کە ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی زۆرترین ژمارەی پەنابەرانی ناو ئێران بکرێت.

کۆنگرەی یازدەیەمین فیدراڵیزمی ھەرێمی کوردستانی پەسەند کرد و پشتگیریی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی یەکگرتووی کرد، کە ئامانجەکەی ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام حوسێن بوو، لەسەر ئاستی میدیای بیانی، ڕۆژنامەنووس ئامینە سۆلا و ڕۆژنامەنووس فاتیمە عەزووز لە کۆماری توونس وەک میوان بۆ کۆنگرە بانگھێشت کرابوون، بەشێک لە میوانانی کۆنگرە جۆرج بیکارد ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکی، دەیڤید فیلیپ، سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئەمریکی، لیوا حەسەن نەقیب و دکتۆر ئەحمەد چەلەبی، سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق – یەکگرتوو، تەحسین مەعلا، عەدنان محەمەد نووری، عەزیز عەلیان، محەمەد عەبدولجەبار، ھانی فۆکەیگی، محەمەد محەمەد عەلی، عادل عەبدولمەھدی، ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق، مونزیر لویس، سکرتێری پارتی سۆسیالیستی عێراق بوون.

پێکھاتەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) لەسەر بنەمای ڕێزنامەی ناوخۆی کۆنگرەی یازدەیەمین، لە شانە، شانەی سەرەکی، کۆمیتەی ڕێکخستن، کۆمیتەی ناوچە، کۆمیتەی لق، کۆمیتەی ناوەندی، مەکتەبی سیاسی، جێگری سەرۆک و سەرۆک، پێکھاتبوو، ھەروەھا لیژنەی ناوەندیی پشکنین و چاودێریش ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆنگرەوە ھەڵبژێردرا، ئەمە دوا جار بوو کە کۆمیتەی ناوەندیی پشکنین و چاودێری ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە ھەڵبژێردرێت و سەڵاحییەتی ئەندامانی سەرکردایەتیی پێ بدرێت، چونکە ئەوان متمانەیان لە کۆنگرە وەرگرتووە.

دامەزراوەکانی پارتی لە ساڵی ١٩٩٣ بریتی بوون لە: مەکتەبی ڕێکخستنی ناوەندی، مەکتەبی ناوەندیی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، مەکتەبی سەربازیی ناوەندی، مەکتەبی بەڕێوەبردنی ناوەندی، مەکتەبی ناوەندیی دارایی و مەکتەبی ناوەندیی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان، مەکتەبی ناوەندیی پەیوەندییە نیشتمانییەکان، مەکتەبی ناوەندیی پەیوەندییەکانی دەرەوە و مەکتەبی ناوەندیی لێکۆڵینەوەکان.

ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆنگرەی یازدەیەمین:

١. نێچیرڤان بارزانی

٢. سامی عەبدولڕەحمان

٣. جەوھەر نامیق سالم

٤. ھۆشیار زێباری

٥. فازڵ میرانی

٦. یوونس ڕۆژبەیانی

٧. فڕانسۆ ھەریری

٨. ڕۆژ نووری شاوەیس

٩. قادر قادر

١٠. سەعد عەبدوڵڵا

١١. عیزەدین بەرواری

١٢. حەمەی حاجی مەحموود

١٣. کەریم شنگالی

١٤. دکتۆر جەرجیس حەسەن

١٥. کەمال کەرکووکی

١٦. عەلی شنگالی

١٧. قادر جەباری

١٨. مولازم شێوان

١٩. سەید کاکە

٢٠. عومەر بۆتانی

٢١. ئازاد بەرواری

٢٢. جەلیل فەیلی

٢٣. شەوکەت شێخ یەزدین

٢٤. عومەر عوسمان مێرگەسۆری

٢٥. سەڵاحەدین ئیبراھیم قادر، سەڵاح دەلۆ

٢٦. برووسک نووری شاوەیس

٢٧. ڕەمزی شەعبان

٢٨. مولازم کەریم

٢٩. دەروێش ئاغا

٣٠. زەعیم عەلی

٣١. عەبدولعەزیز تەیب

٣٢. نیزامەدین گلی

٣٣. عارف تەیفوور

٣٤. مەسعود سەلی

٣٥. محەمەد مەلا قادر

٣٦. عەبدوڵڵا ئەگرین

٣٧. شیرین ئامێدی.

ئەندامانی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی:

١. مەحموود محەمەد

٢. زێرەڤان نێروەیی

٣. ئەمین قادر

٤. دکتۆر ناسیح غەفوور

٥. ئەکبەر حەیدەر

٦. ئازاد قەرەداغی

٧. بارزان مەلا خالید

٨. کەمال حەسەن چەومار

٩. نووری حەمە عەلی.

 

لە کۆنگرەکەدا ئەندامانی لیژنەی ناوەندیی پشکنین و چاودێری بە دەنگی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەندامانەوە هەڵبژێردران، ئەوانیش فەلەکەددین کاکەیی، حەبیب محەمەد کەریم، ڕەشید سندی، ئیسماعیل مەلا عەزیز، عەلی جاف، د. محەمەدساڵح جومعە، محەمەد مەعرووف، محەمەد قازی و عەلی قاسم شەنگالی بوون.

لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە، بۆ جاری سێیەم بە کۆی دەنگ، سەرۆک مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی نوێی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو و عەلی عەبدوڵڵاش وەک جێگری سەرۆک هەڵبژێردرا، پاشان لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی، لە ٢٩ تا ٣١ی ئابی ١٩٩٣، دەستەیەکی نوێی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا، ئەوانیش نێچیرڤان بارزانی، جەوهەر نامیق سالم، سامی عەبدولڕەحمان، هۆشیار زێباری، فازڵ میرانی، د. ڕۆژ نوری شاوەیس، د. جەرجیس حەسەن، ئازاد بەرواری، زەعیم عەلی، حەمەی حاجی مەحمود و مەلازم کەریم.

لەو کۆنگرەیەدا لە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بۆ جاری دووەم سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی بەخشییە ٩ سەرکردە، فەرماندە و هاوڕێیانی بارزانی.

سەرچاوە:
  1. مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و ڕێبازە ناوخۆییەکان)، کۆمیتەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی ٢، (هەولێر- چاپخانەی ڕۆخانا- ٢٠٢١).
  2. محەمەد مەلا قادر، خەباتنامە، کورتە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانیی نەمر، چاپی سێیەم، (هەولێر- چاپخانەی ئاراس- ٢٠١٢).
  3. حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق (لە وێستگە سەرەکییەکان ١٩٤٦ - ١٩٩٣)، (دهۆک- چاپخانەی خەبات- ١٩٩٨). 
  4. عەلی سەنجاری، ها قەد ئەدنا عەلا ئەلحیزب ئەلوم، جەریدەت ئەلشەخیلە، لسان حال ئەلئیتیحاد ئەلدیموکراتی ئەلکوردستانی- ئەلعێراق، ئەلعەدەت ٢٩، ئوائیل تەموز، ١٩٩٣م.
  5. ئەلئیتیحاد ئەلدیموکراتی ئەلکوردستانی یەعقید کۆنفڕانسەن تەوحیدییەن وەیەقیر حەل نەفسەهۆ وەلئەودە ئیلا ئەلحیزب ئەلدیموکراتی، جەریدەت ئەلشوعلە، لسان حال ئەلئیتیحاد ئەلدیموکراتی ئەلکوردستانی، ئەلعەدەت ٢٩، ئوائیل تەموز ١٩٩٣م
  6. بەیان ئەلوەحدە بەینە ئەلحیزب ئەلدیموکراتی ئەلکوردستانی وە حیزب ئەلوەحدە ئەلکوردستانی، لیسان حال ئەلحیزب ئەلدیموکراتی ئەلکوردستانی، ئەلعەدەت ٦٨٥، ٢٨ی تەموز ١٩٩٣م
  7. شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣).
  8. سەلاح بەدرەدین ئەلحەرەکە ئەلوەتەنییە ئەلسوورییە، ئەلجوز ئەلسانی، (هەولێر- ڕابیتەی کاوا بۆ ڕۆشنبیری کوردی- چاپخانەی ڕۆژهەڵات- ٢٠١٨).
  9. ئەلئیتیحاد ئەلدیموکراتی ئەلکوردستانی یەعقید کۆنفڕانسەن تەوحیدییەن وەیەقیر حەل نەفسەهۆ وەلئەودە ئیلا ئەلحیزب ئەلدیموکراتی، جەریدەت ئەلشوعلە، لیسان حال ئەلئیتیحاد ئەلدیموکراتی ئەلکوردستانی، ئەلعەدەت ٢٩، ئوائیل تەموز ١٩٩٣م
  10. پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) - یەکگرتوو، بەرنامە و ڕێزنامەی کۆنگرەی یازدەیەم، (نە شوێن - نە ساڵ).
  11. کۆنگرە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی ناوەندیی پارتەکەمان ڕادەگەیەنێت، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو، ژمارە ١٧٢٩، هەولێر، ڕۆژی هەینی ٢٧ی ئابی ١٩٩٣.
  12. بەرنامە و ڕێزنامەی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) لە کۆنگرەی یازدەیەمی پارتیدا کە لە ١٦-٢٦ی ئابی ١٩٩٣ بەڕێوەچووبوو، دیاریکرا، (چاپخانەی خەبات – دهۆک).